ئەمریكا هۆشداری لە بەهێزبوونی سوپای چین دەدات

جیهان

24/07/2022     ژمارەی بینراو 245

راچڵەكین –

ئیدارەی ئەمریكا، مەترسی بەرامبەر بەهێزبوونی هێزی سەربازیی چین نیشاندەدات و سوپاسالاری ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت، سوپای چین لەم پێنج ساڵەی دواییدا، پەلاماردەرتر و مەترسیدارتر بووە.

سەرۆكی مارك میللی ئەركانی سوپای ئەمریكا، رایگەیاند كە سوپای چین لەم پێنج ساڵەی دواییدا، پەلاماردەرتر و مەترسیدارتر بووە.

مارك میللی، سوپاسالاری ئەمریكا، لە میانی سەردانێكیدا بۆ وڵاتی ئەندۆنیزیا، رایگەیاند: لەم پێنج ساڵەی دواییدا، ئامرازە دەریایی و ئاسمانییەكانی سوپای چین، جگە لە ئەمریكا بە رێژەیەكی بەرچاو رێگرییان لە ژاپۆن، كەنەدا، ئوسترالیا، فلیپین و ڤیێتنام-یش كردووە لە ناوچەی پاسیفیك.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە چین هەوڵ دەدات لە سەرتاسەری ناوچەكە، فراوانخوازی بكات، ئەمەش لەوانەیە لێكەوتەی وای بەدوادا بێت كە لە بەرژەوەندی هاوبەش و هاوپەیمانەكانی ئەمریكادا نەبێت لە ناوچەكەدا.

مارك میللی بانگەشەی ئەوەی كرد كە وڵاتانی ناوچەی پاسیفیك، بۆ نموونە ئێندۆنیزیا، دەیەوێت ئەمریكا گرنگی زیاتر بە ناوچەكە بدات.

ئەو هۆشدارییەی سوپاسالاری ئەمریكا، هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی سوپای چین بۆ زیاتركردنی هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەكانی باشووری ئاسیاو زەریای ئارام. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن