میرات یان دڵی براکان... ژنان دەیانەوێ بەڕاستی میراتگر بن

ڕاپۆرت

01/08/2022     ژمارەی بینراو 824

راچڵەکین-کۆچەر عەزیز

ئەمیرە و دایکی یەک برای تاقانەیان هەیە و ئەوەش وایکردووە هەندێک لە چیرۆکە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانیان لەیەک بچێت، بەڵام ئەمیرە نەیویست وەک دایکی دەستبەرداری هەموو شتێکی خۆی ببێت و لەنێوان خۆی و ماڵی باوکیدا یاسا بەرکارەکانی کردە نێوبژیوان و بەشە میراتی خۆی وەرگرت.

هێشتا ئەمیرە منداڵبوو کە باوکی دایکی کۆچی دواییکرد، دایکی ترسی ئەوەی هەبوو لەنێوان بەشە میراتەکەیی و دڵی برا تاقانەکەی یەکێکیان لەدەستبدات، هەربۆیە بڕیاریدا دەستبەرداریی هەموو مافێکی خۆی ببێت بۆ براکەی هەرچەندە کارێکی دڵخوازانەش نەبوو.بەڵام ئەمیرە واینەکرد، لەگەڵ خوشکەکەی دیکەی بەپێی یاسا چوونە نێو گفتوگۆی دابەشکردنی میرات لەگەڵ برا تاقانەکەیان "ماڵی باوکم هەر موڵکێکیان فرۆشتبێت، من بەشە میراتی خۆمم وەرگرتووە و ئەوان بۆیان داناوین. بەڵام خوشکەکەم لەبەرئەوەی بارودۆخی دارایی باشترە میراتییەکەی وەرنەگرت گێڕایەوە بۆ براکەم."

"ئەمیرە دەشزانێ هێشتا لە کۆمەڵگەی کوردەوارییدا ژنان لەلایەن کەسوکارییانەوە رووبەرووی توانج و تانە و تەشەر و رووشکێنیی دەکرێنەوە، کاتێک دەیانەوێت بەشە میراتی خۆیان وەربگرنەوە "تەنانەت هەندێک کچ و ژن بەهۆی وەرگرتنی میراتەوە لەلایەن براکانیانەوە پەیوەندی خێزانییان لەگەڵ دەپچڕێنن." بەڵام ئەو دڵخۆشە بەوەی ئەو تاقیکردنەوە سەختەی بە ئاسانی تێپەڕاندووە "من رووبەرووی هیچ گرفتێک نەبوومەوە و براکەم زۆر بەلایەوە ئاسایی بوو."

هێشتا ئەمیرە نیگەرانی چیرۆکی تۆزگرتووی دایکییەتی کاتێک ناچاربووە پشت بکاتە بەشە میراتییەکەی بۆ ئەوەی دڵی نەڕەنجێ، بەو هۆیەوە دایکی و چوار پووری دیکەی بەهۆی داب و نەریت و کلتورەوە برا تاقانەکەیان کردووەتە خاوەنی زەوی و زارێکی زۆر "ئێستاش دایکم دەڵێت ئەگەر بەشە میراتی پێبدرایە وەریدەگرت."

دڵسۆز زەنگەنە، چالاکوانە و هاوکات بەڕێوەبەری رێکخراوێکە بەناوی دابین. پێیوایە بە ھۆی كلتور و نەریتە كۆمەڵایەتییەکان و کەمی هۆشیاری ژنان و كچان لە بابەتی میراتدا، دواجار هەر ژنان قوربانی دەدەن و لە بەشە میراتی خۆیان دەکشێنەوە "چونکە لەلایەن کەسوکارەکەیانەوە تانەیان لێدەدرێت و دەڵێـن ئەمە میراتی ماڵی باوكی بووە بۆچی بردوویەتی بۆ هاوسەرەکەی." دڵسۆز بۆ چاوی خەڵک قسەیکرد و دەڵێ،  زۆر جارلە لایەن كۆمەڵگاوە بە شەرمنانە خەجاڵەتیان دەكەن و دەڵێن عەیبە كچان و ژنان داوای میراتی بكەن لە براكانیان "لە کاتێکدا ئەمە مافی ھەردوو لایە دەبێت بەیەكسانی ئەم بەشە وەربگرن."

ئەو چالاکوانە قسەکانی ئەمیرە پشتڕاستدەکاتەوە کاتێک هەندێک لە ژنان و کچان لەلایەن کەسوکاریانەوە تووشی کێشەی پچڕانی پەیوەندی دەبنەوە بە هۆی وەرگرتنی میراتەوە "تەنانەت زۆر جار ترسیان لەوە ھەیە كە تووشی ھەڕەشەی كوشتن ببنەوە یان خێزانەكان لێكھەڵبوەشێنەوە، ئەمە وادەکات كەسەكە نەك واز لە مافی خۆی بھێنێت بەڵکو ھەر باسی میراتیش ناکات."

دڵسۆز زەنگەنە، چارەسەر لەوەدا دەبینێتەوە ژنان و خێزانەکان "هۆشیار بکرێنەوە" و هەروەها ژنان و کچانیش هێندە بێداربکرێنەوە کە داوای مافی خۆیان بکەن بەتایبەت دایك و باوك كە میراتی بەجێدەھێڵن "بە یەكسانی میرات دابەشبكەن بە سەر خێزانەكەیاندا چونكە، زۆر جار دوای مردنیان کچان و ژنان بێبەش دەکرێن".

لە هەرێمی کوردستان رووداوەکانی شەڕ و ئاژاوەی کۆمەڵایەتی و خێزانیی بەهۆی دابەشکردنی میرات لەوە زۆرترن کە پێیانبوترێ حاڵەت. چونکە زۆربەی شەڕەکان سەردەکێشێت بۆ کوشتن و بریندارکردن و رووداوی ئاڵۆز.

بەبڕوای دڵسۆز زەنگەنە، مامۆستایانی ئاینی کاریگەرییەکی زۆریان هەیە لەسەر خێزانەکان بۆ ئەوەی گرێی میرات بە ئاسانی بکەنەوە و  ژنان تێیدا نەبنە قوربانی " کە باسی میراتی دەكەن بە جۆرێک روونی بکەنەوە کە میراتی مافی هەردوولایە، کچ و کوڕانیش، چونکە لە ئیسلامیشدا ئەو کەسانەی میراتی کچەکانیان نادەن سزای خۆیانیان هەیە."

شەریعەتی ئیسلام  بنەمایەکی بەرچاوە لە داڕشتنەوەی یاسا بەرکارەکانی دادگا و باری کەسێتی و دابەشکردنی میرات. هەرئەوەش وایکردووە زۆربەی خێزانەکان بۆ پرسی میرات زیاتر روو لەو شوێنانە دەکەن کە مامۆستایانی ئایینی تێیدا دانیشتوون، دواتر بۆ دادگاکان.
 
دادوەر کامەران رەسوڵ، دادوەری دادگای باری کەسێتی لە سلێمانی بۆ چاوی خەڵک وتی، لە قەسامی شەرعیدا کچ نیوەی کوڕ دەبات. واتا لە ماڵ و خانو و سەیارە و ئەو شتانە کە ئەمە لە قورئانیشدا یەکلایی بووەتەوە، لە ماددەی٢٣ لە یاسای باری کەسێتیدا هاتووە بابەتی وەرگرتنی میرات بە شێوەیەكی بنبڕ کۆتایی پێھێنراوە ھەموو كوڕێك دوو ئەوەندەی کچ دەبات لە میراتی بەجێماوی باوكی کە ئەمە "ئەگەر بەشێوەی زارەکی یان بە چاو بیری لێبکەیتەوە ناعەدالەتییەکی تێدایە"، وتیشی بەڵام بە پێچەوانەوە"دادپەروەرییەکی زۆر جوانی تێدایە، لەبەر ئەوەی ئەركە داراییەكانی كوڕ زۆرترە بەراورد بە کچ".

ئەو دادوەرە لەبارەی  وەرگرتنی میراتی زەوی کشتوکاڵی بۆ کوڕ و کچ، دەڵێ "بە دادپەروەرانە وەک یەک بەشیان بەردەکەوێت" چونکە کور و کچ لە گوندەکان بۆ کاری کشتوکاڵی وەک یەک کارییان کردووە و ماندوو بوون، ئەوەش دادگای بەرایی یەکلایی دەکاتەوە کە تایبەتمەندە بە زەوییە کشتووکاڵییەکان "چونکە زەوییە کشتوکاڵیەکان موڵکیەت هەر هی دەوڵەتە، بەڵام مافی بەکارهێنان بە پێی یاسا و تاپۆ دەگەڕێتەوە بۆ کەسەکە واتا وەک موڵک زەوییەکە موڵکی دەوڵەتە، بەڵام کەسەکە تەنها مافی بەکاربردنی هەیە واتا تاپۆی سرف نییە وەک تاپۆی خانوو".

دادوەر کامەران دەشڵێت:" ئێمە لە کۆمەڵگایەکدا دەژین تا ئێستاش هاووڵاتییان رۆشنبیری یاسایی و شەرعی وایان نییە کە لە کاتێکدا دێنە سەر بابەتی دابەشکردنی میرات زۆرجار کچان بێ بەش دەکرێن هەندێکجاریش کوڕان بەڵام ئەمە کەمترە، ئەم حاڵەتە لە دادگاکان ئەگەر رۆژانەش نەبێت هەفتانە ئەو داوایانە دێنە لامان کە یەکێک لە میراتگرەکان بێبەش کراوە و دێت داوادەکات داخڵ بکرێت و ببێتە میراتگری کۆچکردووەکە".

" بەگوێرەی یاسا کەسی بێبەشکراو لە میرات دوو مافی هەیە لە رووی یاساییەوە دەتوانێت لە دادگای باری کەسێتی داوا تۆماربکات و داوادکات کە وەکو میراتگرێک داخڵی میراتی کۆچکردووەکە بێت، دوای ئەوەی بۆ دادگا روون بووەوە کە ئەو کەسە بێبەشکراوە لە میراتی، دادگا پەنا بۆ  شارەزای دادوەری دەبات و ئەویش سەرلەنوێ بەشەکانی دیاریدەکاتەوە دواجار ئەو کەسەش دەبێتە میراتگرێکی راستەقینەی باوکە کۆچکردووەکە".

هەروەها مافێکی دیکەیشی هەیە دەتوانێت داوای سزایی تۆمار بکات، کە بە پێی ماددەی ٢٩٤ لە یاسای سزادانی عیراقی بە ژمارە ١١١ ی ساڵی ١٩٦٩ ئەو کارە تاوانە و سزای خۆی هەیە بە جۆرێک هەر کەسێک هەڵبستێ بە بێبەشکردنی میراتگری شەرعی سزاکەی حەبسە یان غرامە، حەبسەکە تا پێنج ساڵ دەڕوات وغەرامەکەش تا 225000دینار، بۆیە عادەتەن کە سکالاکار تنازلی کرد دادگا زۆر جار حەبسەکە بەکارناهێنێت، بەڵام ئەگەر تاوانەکە مافی گشتی تێدابوو بە تنازل داناخرێت داوا سزاییەکە بەردەوام دەبێت".

بەپێی شەریعەتی ئیسلامیش هەر کەسێک لە دابەشکردنی میراتدا ستەم بکات ئەوە قورسترین سزا دەدرێن و دەخرێتە دۆزەخەوە.

مامۆستا رەعد ئۆمەربلی، کارگێڕ و وتەبێژی لقی هەولێری یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان لە بارەی پێنەدانی بەشە میرات بۆ چاوی خەڵک ئاماژەی بەوەکرد، ئەوانەی ستەم دەکەن و میراتەکان بەش ناکەن و یان لەبەشکردن ستەم دەکەن و فێڵی لێدەکەن سەرپێچی فەرمانی خوداو پێغەمبەرەکەی دەکەن و سنوری خوداو پێغەمبەر دەبەزێنن (میرات دەخۆن وستەم دەکەن) ئەوە دەخرێنە دۆزەخەوەو قورسترین سزای سەرپێچیکاران دەدرێت.

مامۆستا رەعد ئۆمەربلی، لەبارەی دیاریکردنی بەشە میراتی کچان و ژنان وتیشی:" لەهەموو کاتەکان ژنان و کچان بەشی زیاتر وەردەگرن تەنها لە یەک دوو حاڵەتدا نەبێ، ئەویش ئەوکاتەی دایک و باوک دەمرن و کوڕو کچیان لەدوا بەجێ دەمێنێ، هەر کوڕێک دوو ئەوەندەی خوشکەکەی دەبات، لەبەرئەوەی کوڕەکە هیچ مافێکی بەسەر پارەی خوشکەکەیەوە نییە، بەڵام تا خوشکەکەی هاوسەرگیری دەکات دەبێ نەفەقەی بکات و لە سەر ئەوبەشەی خۆی خەرج بکات و بژێوی ژیانی بۆ دابین بکات، بەڵام کوڕ دەبێ بە پارەی خۆی ژن بهێنێت و نەخت و نەفەقەی بکات".

"لەگەڵ ئەوەشدا کچ دوای هاوسەرگیریش کەس ناتوانی پارەکەی خەرج بکات یان لێی زەوت بکات وە نەخت و مارەییش لە پیاوەکەی وەردەگرێت و نەفەقەو خەرجی و نەخۆشکەوتنیشی لە ئەستۆی هاوسەرەکەیەتی .هەرکات پیاوەکەی مرد یان لێک جیابونەوە ئەگەر کوڕی نەبو ئەوە دووبارە بەخێوکردنی دەکەوێتەوە ئەستۆی باوک یان براکانی، ئەمەیە کە زۆرکەس ڕەخنە دەگرن و دەڵێن گوایە نادادپەروەری هەیە لە دابەشکردنی میراتدا بۆ کوڕان و کچان جیاوازی کراوە کە خۆی جیاوازییەکە تەنها لەبەر ئەوە هۆکارەیە" بە وتەی مامۆستا رەعد ئۆمەربلی بۆ چاوی خەڵک.

ئەمیرە توانی بەشەمیراتی خۆی وەربگرێت بەبێ ئەوەی دڵی براکەی لەدەست بدات. ئەمڕۆ ئەو وەک دایکی بەدەست گرێیەکەوە ئازار ناچێژێ کە لەسەر دڵی جێماوە. بەڵام هێشتا زۆرن ئەو ژن و کچانەی کە لەجیاتی بەشەمیراتی سامانەکەی باوکیان، میراتی دڵشکێنیی دایکیان بۆ جێدەمێنێ.

ئەم راپۆرتە لە لایەن (کۆچەر عەزیز) رۆژنامەنووس لە دەزگای میدیایی (راچڵەکین) بۆ  رێکخراوی خەڵك بۆ گەشەپێدان PDO ئامادەکراوە بەمەبەستی بەشداریکردن لە پێشبڕکێیەکی رۆژنامەوانیی بۆ رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی هەرچوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان  و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم  لەسەر مافی میراتیی ژنان و کێشە پەیوەستەکان بەو بابەتە، جێگەی ئاماژە پێکردنە راپۆرتەکە پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن