چوارچێوەی هەماهەنگی سوپاسی لایەنگرانی دەکات بۆ خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ

ڕاپۆرت

01/08/2022     ژمارەی بینراو 262

راچڵەکین-

چوارچێوەی ھەماھەنگیی سوپاس و پێزانی ئاراستەی ئەو خۆپیشاندەرانە کرد کە زۆرینەیان لایەنگرانی پارتە سیاسییەکانی نێو ھاوپەیمانییەکە بوون بۆ بەشدارییکردنیان لەو خۆپیشاندانەی کە ئەمڕۆ دووشەممە لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا بەڕێوەچوو.

لە راگەیەندراوێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی خۆپیشاندەران دەکات و دەڵێت:"ئەمڕۆ نموونەیەکی نایابیان نیشاندا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی ئاشتیانە و ئامادەیی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەت و شەرعییەتەکەی و دامەزراوەکانی راگەیاند، ھەروەھا بۆ بەرگریکردن لە ماف و بەرژەوەندی ھاووڵاتییان".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە:"سوپاس و پێزانینمان بۆ ئێوە نوێ دەکەینەوە بۆ پابەندبوونتان بە رێنماییەکانی لیژنەی رێکخەری خۆپیشاندانەکە، داواتان لێ دەکەین ئامادەبن بۆ بەرگرییکردن لە دەوڵەت و دەستوور و رژێم لە ھەرکاتێک کە پێویست بوو. ھەر وەک چۆن عیراق لەگەڵ ئێوەدا سەرکەوت، بە ھۆشیاری و تێڕوانین و ئامادەیی بەردەوامتان بۆ بەرگریکردن و پارێزگارییکردن لێی سیستەمی دیموکراسی فیدراڵی خۆی دەپارێزێت".

ئەمڕۆ دووشەممە، لەسەر داوای چوارچێوەی ھەماھەنگیی خۆپیشاندان لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای ئەوەی کە ماوەی سێ رۆژە لایەنگرانی سەدر خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە و  باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان کۆنتڕۆڵکردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن