هادی عامری پشتیوانی لە موقتەدا سەدر دەكات

عێراق

04/08/2022     ژمارەی بینراو 273


راچڵەكین-

سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح پشتیوانی خۆی بۆ داواكەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دەربڕی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعیراقدا.

هادی عامری، لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە: "پاڵپشتیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكەین كە سەید موقتەدا سەدر داوایكرد، بەتایبەت كە هەڵبژاردنی رابردوو گومان و ناڕەزایەتی لەسەر بوو."

دەشڵێت:" پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت پێویستی بە دیالۆگی نیشتمانیی گشتیر هەیە لەپێناو دیاریكردنی وادە و میكانیزم و پێداویستییەكانی ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە و فەراهەمكردنی كەشی گونجاو بۆ هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك كە متمانەی هاووڵاتیان بگەڕێنێتەوە بە پرۆسەی سیاسی."

دوینێ، موقتەدا سەدر لە وتارێكی تەلەڤزیۆنیدا داوایكرد ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێستا هەڵبوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت.

نزیكەی 10 مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ئەنجامدراوە بەبێ ئەوەی حكومەتی نوێ پێكبهێندرێت بەهۆی ناكۆكیی نێوان رەوتی سەدر و هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر شێوازی ئەو حكومەتە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن