بەفەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەكرێت

عێراق

06/08/2022     ژمارەی بینراو 200

وێنە: ئەرشیف

راچڵەكین –

پەرلەمانتارێكی سەربەخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەفەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەكات و لە یاداشتێكدا بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، داوای ئەنجامدانی دانیشتنێكی نائاسایی و دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات.

بورهان مەعموری، پەرلەمانتاری سەربەخۆ، لە نوسراوێكدا كە ئەمڕۆ 6-8-2022، ئاڕاستەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی كردووە، ئاماژەی بەوەكردووە كە بەپێی حوكمەكانی مادەی 64 لە دەستوری عیراق، ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر داوای سێیەكی ئەندامەكانی، بە زۆرینەی رەهای دەنگەكان، دەتوانێت خۆی هەڵوەشێنێتەوە، ئەویش بەهۆی شكستهێنانی لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو جێبەجێنەكردنی پابەندبوونە دەستورییەكانی.

ئەو پەرلەمانتارە، كە هەرچەندە وەك سەربەخۆ دەرچووە، بەڵام چووەتە پاڵ كوتلەی سەدری لە ئەنجومەنی نوێنەران، داواشی لە سەرۆكی پەرلەمان كردووە، رەزامەندی بدات لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نائاسایی بۆ ئەو مەبەستەو دیاریكردنی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

ئەم داوایەی پەرلەمانتار بورهان مەعموری، لەدوای بانگەوازەكەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دێت كە داوایكردبوو پەرلەمانی ئێستای عیراق هەڵبوەشێتەوەو هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن