كێ مەخموری لەژێر چنگی داعش دەرهێنا

ڕاپۆرت

10/08/2022     ژمارەی بینراو 436


راچڵەكین-

دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای ٣ و لیوای ٧ی تایبەت، لەهەشتەمین ساڵیادی رزگاركردنی شارۆچكەی مەخمور-دا دەڵێت، لەو رۆژەدا تەنها لیواكەی ئەوان لەبەرەكانی جەنگ بەرامبەر داعش نەكشاونەتەوەو داعشیان لەو ناوچانە تێكشكاندووە. دەشڵێت:" بەداخەوە لە یادی ئازاد كردنی مەخموردا تەنها ناوی چەند هیزێك دەهێنرێت و كراوە بە موڵكی هێزێكی دیاریكراو."

رۆژی 10ی ئابی 2022 هەشت ساڵ تێپەڕدەكات بەسەر ئازادكردنی شارۆچكەی مەخمور لەچەنگی چەكدارانی داعش.

لیوا ئەیوب یوسف سەعید، لەروونكردنەوەیەكدا سەبارەت بەئازادكردنی  مەخمورو ئەو هێزانەی رۆڵی كاریگەریان هەبووە لەو سەركەوتنەدا دەڵێت:" سەبارەت بە ئێمەی پێشمەرگە، ئەو بۆنانە، بۆنەی گرنگ و جێ بایەخن .لەو ڕۆژەدا ئێمە وەك دەستەی سەرپەرشتیاری لیواكانی۳و۷ ی تایبەتی جەنابی كاك كۆسرەت پشكی شێرمان بەركەوت و بەشێكی گرنگ و هەستیاری مەخمورمان ئازاد كرد كە ئەكاتە سەر رێگای باقرت ."

دەشڵێت:"  هەر لەو ڕۆژەدا داعش بە هێزێكی زۆرەوە دژە هێرشی ئەنجامداو بەشێكی زۆری هێز و لیواكان كشانەوە ئێمە نەبێت كە بەهیچ شێوەیەك پاشەكشەمان نەكرد و داعشمان بەزاند لەو ناوچەیە لەو كاتەدا بە شاهێدی هەموو خەڵكی ناوچەكە جگە لە لیواكانی ئێمە هیچ هێزێكیتر لەو ناوچەیە نەئەبیندرا." 

لیوا ئەیوب دەڵێت:" ڕاستە هێزەكانی دژەتیرۆر و چەندین لیوای پێشمەرگە و تەنانەت هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەشداری ئەو شەڕەیان كرد و رۆڵی گرنگیان هەبوو بەڵام جێی خۆشیەتی ئاماژە بەوە بكەم كەبە داخەوە لە یادی ئازادكردنی مەخموردا تەنها ناوی چەند هیزێك ئەهێنرێت و كراوە بە موڵكی هێزێكی دیاریكراو."

ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە دەڵێت:" ئەو دەستكەوتە مەزنە موڵكی هەموومانە و ئێمە لەو پێناوەدا خوێنمان لێ ڕژاوە .بۆنمونە خوا لێی خۆشبێت شەهید عەقید نەریمان دۆشكە لە بەرچاوترینەكانە كە لەناو مەخموردا بریندار كرا .هەر لەو شەرەدا بە دەیان چەكی جۆری دۆشكە و بیكەیسی و كڵاشینكۆف و سەیارەی جۆری چێڤرۆلێت دەبڵ كابینەی داعش لەگەڵ چەندین لاشەیان كەوتە دەستی ئێمە و ئەوەش بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگرە كە ڕۆڵی گرنگ و بەرچاومان هەبووە كاك مەلا بەختیاریش شاهێدی ئەوەیە و خۆی وجودی هەبوو.جگە لەوەش ئێمە لە ئازادكردن ویەكەم شەڕی كوشاف تا ئەگاتە جەلەولا لە هەموو شەڕەكاندا ڕۆڵی گرنگمان هەبووە و لە هیچ شەڕیكدا شكستمان نەهێناوە."

"لە ئازادكردنی جەلەولاش گرنگترین ڕۆڵمان هەبوو و پشتمان لە داعش گرت و كاتژمێر هەشت و نیو گەیشتینە جێگای دیاریكراو و نەمانهێشت لە هیچ ڕێگایەكەوە دەرباز ببن و جەلەولامان پاك كردەوە .بە شاهێدی برای بەڕیزم هەڤاڵ مەحمود سەنگاوی كە لە نزیكەوە ئاگاداری ئەو پڕۆسە گرنگە بوو و لە زۆر جێگاشدا ئاماژەی پێ كردووە.بۆیە لە یادی ئەو داستانەدا یەكەم جار پیرۆزبایی لە خۆمان و برایانی پێشمەرگە ئەكەین پاشان بۆ هەموو ئەو هێزانەی لەو شەڕەدا بەشداربوون بێ جیاوازی."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن