لەتۆڵەی ئەوەی پێوەى داوە.. بەگاز مارەكەی كوشت

هەمەڕەنگ

16/08/2022     ژمارەی بینراو 415

راچڵەكین-

لەپارێزگای بینگۆلی باكوری كوردستان، كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی كورد، زازاكی، چەولیگی و ئەرمەنین،  منداڵێكی بەڕەگەز مێ كە تەمەنی تەنها دوو ساڵە، دوای ئەوەی مارێك پێوەی دەدا، مارەكە دەگرێت و چەند جارێك گای لێدەگرێت تا دواجار دەیكوژێت.

میدیاكانی توركیا بڵاویانكردووەتەوە، ئەو منداڵە تەمەنی دوو ساڵانە، كاتێك لەباخچەی پشتەوەی ماڵی خۆیاندا یاریكردووە، مارێك بۆی چووەو پێوەی داوە، بەڵام ئەو كچە سەرباری ئازارەكەی، مارەكەی گرتووەو بەگاز كوشتوویەتی.
  
 بەگوێرەی گێڕانەوەكان، دایكی ئەو منداڵە كەگوێی لە قیژەی منداڵەكەی بووە، رایكردووە بۆ لای كچەكەی، بینویەتی مارێكی بەدەمەوەیە كە درێژییەكەی نیو مەتر بووە.

لەدوای رووداوەكە بە خێرایی منداڵەكە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و ماوەی ٢٤ كاتژمێر لە ژێر چاودێری پزیشكدا بووە، لەو ماوەدا منداڵەكە لە دۆخێكی تەندروستی باشدا بووە.

پزیشكەكان باس لەوەدەكەن، كە مارەكە ژەهراوی نەبووە، ئەوە چانسێكی باش بووە بۆ منداڵەكە بۆ ئەوەی تووشی رووداوی نەخوازراوی نەكات.

محەمەد ئێركان باوكی منداڵەكە وتوویەتی: "ئەو كاتەی كچەكەم وای بەسەرهاتووە لەسەر كار بووم، خوا پاراستوویەتی، دراوسێكانم پێیان وتووم كە مارێكی گەورە بە دەستی منداڵەكەمەوە بووە و یاریی لەگەڵ كردووە تا ئەو كاتەی مارەكە پێوەی داوە، دواتریش كچەكەم تۆڵەی خۆی لێكردووەتەوە."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن