ریال مەدرید پێشەنگی لالیگای گرت

وەرزش

21/08/2022     ژمارەی بینراو 335

راچڵەكین-

یانەی ریال مەدرید بەردەوامە لەپێشكەشكردنی ئاستێكی بەرز لەخولی لالیگای ئیسپانی و توانی دووەم سەركەوتن لەدەرەوەی یاریگای خۆی بەدەستبهێنێت و پێشەنگی خولەكە بگرێت

شەوی رابردوو، لەیاریەكانی گەڕی دووەمی لالیگادا، ریال مەدرید بووە میوانێكی ڕەزا قورسی یانەی سێڵتا فیگۆ لەسەر یاریگای بالایدۆس.

حاجی كەریم تەنها 14 خولەكی بەس بوو بۆ ئەوەی یانەی شاهانە بكاتە خاوەنی گۆڵی یەكەمی یاریەكە لەرێگا لێدانی سزاوە، ئەم خۆشییەی كوڕانی ئینچیلۆتی زۆری نەخایاند، تالەخولەكی 24ی یاریەكەدا،
 ئیاگۆ ئەسپاس بە لێدانی سزا گۆڵی یەكسانبوونی بۆ تیپی خاوەن یاریگا تۆماركرد.

لەكاتێكدا نیوەی یەكەمی یاریەكە هەنگاوی بەرەو كۆتایی دەنا، لۆكا مۆدریچ نەیویست تیپەكەی بە یەكسان بوون كۆتایی بەو گێمە بهێنێت و بەلێدانێكی مووشەك ئاسا لەدەرەوەی ناوچەی سزا، گۆڵی دووەمی بۆ مێرینگی تۆماركرد، ئەوەش وایكرد لەلایەن هاندەرانی سێلتا ڤیگۆوە چەپڵەی رێزی بۆ لێبدرێت بەرامبەر ئەو ئاستەی پێشكەشیكردو بەباشترینی یاریەكە دەستنیشانكرا.
 
لە نیوەی دووەمدا كوڕانی كارلۆ ئەنچیلۆتی بەتەواوی كۆنترۆلی یاریگەیان كرد و  ڤینیسیۆس جونیۆر لە خولەكی 56 دا دوای تێپەڕاندنی گۆڵپارێز،گۆڵی سێیەمی بۆ ریال مەدرید تۆماركرد، 10 خولەك دوای ئەوەش فیدی ڤالڤێردی، یانەی شاهانەی كردە خاوەنی گۆڵی چوارەم.
 
هەرچەندە لە دوا خولەكەكانی یاریەكەدا  ناوبژیوان لێدانێكی دیكەی سزای بۆ ریال مەدرید هەژماركرد و ئێدین هازارد لەسەر داوای كەریم بنزیما جێبەجێیكرد، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، یارییەكە بە ئەنجامی 4-1 بۆ ریال مەدرید كۆتاییهات.
 
ریال مەدرید بەم سەركەوتنە ژمارەی خاڵەكانی گەیاندە 6 خاڵ و گەیشتە پێشەنگی ریزبەندیی لالیگا، سێلتا ڤیگۆش بە یەك خاڵ لە پلەی چواردەمدا مایەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن