راچڵەكین-
دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان، دوو فۆڕمی تایبەت بە سزاكانی سەر فەرمانبەران و پاداشتە كارگێڕییەكانیان، بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان دەنێرێت.
بەپێی نووسراوی دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان، كە لە 3ی 8ی 2022 دەرچووە، تیایدا بە دوو فۆڕم داوای زانیاری لەبارەی فەرمانبەران كراوە.
لەو نووسراوەدا ئاماژە بەوە كراوە، دەبێت فەرمانگە و وەزارەتەكان داتای تایبەت بە پاداشت و سزا كارگێڕییەكانی فەرمانبەرانیان بۆ رەوانە بكەن.
لە نووسراوەكەدا هاتووە: "بەمەبەستی كۆكردنەوەی داتای پاداشت و سزا كارگێڕییەكانی فەرمانبەران بۆ ساڵی رابردوو، بەپێی یاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەران، زانیارییەكانمان بۆ بنێرن".ئەوەش خراوەتە ڕوو، كە دەبێت داتا و زانیارییەكان لە ماوەی مانگێكدا بۆیان رەوانە بكرێتەوە.
بەپێی هەردوو فۆڕمەكە، زانیاری لەبارەی ناوی فەرمانبەران و جۆری سزا، یان پاداشتی فەرمانبەرەكان و هۆكارەكانیان و چەند وەردەكارییەكی تر خراوەتە ڕوو.
حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستاكیی هەرێمی كوردستان، بەمیدیاكانی نزیك لەپارتی راگەیاندووە: "لە دەستەی دەستپاكیدا بەشی رەفتاری وەزیفیمان هەیە، كە چاودێریی جێبەجێكردنی رێنوێنیی ئاكاری وەزیفی دەكات و ئێستا خەریكی كۆكردنەوەی زانیارین تاوەكوو بزانین فەرمانبەران تا چەند پابەندن بە رێنوێنی و یاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەران".
وتیشی: "دەمانەوێت بەوردی داتای سزاكانی سەر فەرمانبەران، یان پاداشتە كارگێڕییەكانیان لە كاتی ئەرك و دەوام بزانین، ئەوەش بەشێكە لە چاودێریكردنی یاسا و رێنوێنییەكان”.
ئەحمەد ئەنوەر، ئاشكراشی كرد، دەبێ هەموو وەزارەت و فەرمانگەكان ئەو فۆڕمانە پڕ بكەنەوە و بۆ دەستەی دەستپاكی بنێرنەوە.