راچڵەكین -
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە یادی یۆبیلی زێڕینی حزبەكەی، پەیامێك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: بەڵێنی ئەمڕۆی یەكێتی بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی هەر ئەوەیە كە ئەمانەتی حزبی شەهیدان دەپارێزین و ئاڵا سەوزەكەی بەشەكاوەیی دەهێڵینەوە.
لە پەیامەكەیدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی راشیگەیاندووە، لە ماوەیەكی كورتدا، سەرەڕای ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەكییەكان ، وێڕای خۆخۆری و سەركوت و ستەمی رژێمی بەعسی داگیركەر، یەكێتی توانی ویستی میللەتەكەمان بۆ ئازادی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی، لە راپەڕینی سەرتاسەریدا سەربخات و بۆ یەكەمین جار لە ژیانی تێكۆشەراندا ئاواتەكانی رزگاری و دیموكراسیی و حوكمڕانی خۆبەخۆ و خۆمانی بە دیبێت.
دەقی پەیامەكە:
سەروەریمان زۆرە و ئەركمان زۆرتر
كەسوكاری سەرفرازی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەكان و هەڤاڵانی یەكێتیی
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
یادی پەنجا ساڵەی دەستپێكی خەباتی یەكێتییەكەتان، لە هەمووتان و لە هەموومان پیرۆز بێت.
پەنجا ساڵ پێشتر، لەساڵی 1975 ، حزبی شەهیدان بە دەستپێشخەری سەرۆك مام جەلال و هەڤاڵەكانی لەدەستەی دامەزرێنەر جاڕی تێكۆشانێكی درێژخایەنیان بۆ رزگاری و مافەكانی گەلی كوردستان-دا، كەمتر لە ساڵێكیش دوای ئەوە ، لە 1ی6ی1976دا بڵێسەی شۆرشی نوێ هەموو شاخ و دەشت و دۆڵی وڵاتەكەمانی گرتەوە.
لەم كاروانە زێڕینەدا هەزاران شەهیدی سەركردە و فەرماندە و پێشمەرگەی ئازا و بەجەرگ، سەدان نەبەردی پێشمەرگانە و موقاوەمەی زیندان و سێدارە و چالاكی رێكخستن و خۆپیشاندان و مانگرتن، تێكڕایان بوونە ناونیشان و رەمزی قۆناغێكی نوێی بەرخۆدانی كوردایەتی و دیموكراتی بە ناوەرۆكێكی پێشكەوتنخوازی كۆمەڵایەتییەوە.
وێستگەكانی تێكۆشانی یەكێتیی كە هیوا و ئاواتی میللەتەكەمانی زیندووكردەوە، لەهەموو ئاست و بوارەكانی سیاسەتدا نوێ و دەگمەن و بێ وێنەبوو، تێكۆشانی ژنان و پیاوان، كچان و كوڕانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان واكۆمەڵانی خەڵكی جۆشدایەوە، كە كوردستان بە كردەوە بووە گۆڕەپانی جولانەوەیەكی هەمەلایەنەی سیاسیی، پێشمەرگایەتی، روناكبیری، ئیعلامی و جەماوەریش.
لە ماوەیەكی كورتدا، سەرەڕای ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەكییەكان ، وێڕای خۆخۆری و سەركوت و ستەمی رژێمی بەعسی داگیركەر ، یەكێتی توانی ویستی میللەتەكەمان بۆ ئازادی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی، لە راپەڕینی سەرتاسەریدا سەربخات و بۆ یەكەمین جار لە ژیانی تێكۆشەراندا ئاواتەكانی رزگاری و دیموكراسیی و حوكمڕانی خۆبەخۆ و خۆمانی بە دیبێت.
سەرەنجام لە سایەی قوربانی و رەنج و هیلاكی یەكێتییەكەتاندا ئەزموونی دیموكراسیی لە هەرێمی كوردستان بەسەر هەموو تەنگژە و دژوارییەكاندا زاڵبوو كاروانی سەركەوتووی خۆی گەیاندە قۆناغی روخانی رژێمی دیكتاتۆر و ئاواكردنی عیراقێكی فیدراڵی و دیموكراسیی و ئاوەدانكرنەوەی وڵات بە ئازادی كەركوك و خانەقین و تێكڕای ناوچە دابڕاوەكانیشەوە كە نەخشەڕێگای دەستووری لە ماددەی 140دا بۆ دانراوە، دوای دەیان ساڵ لە داڕزان و داكەوتن، تەعریب و تەبعیس و تیرۆر و تەرهیبیش، كە بەسەر میللەتەكەماندا هێنرا.
هەر لە قۆناغی پرۆسەی دیموكراسی و دەستوریشدا سەرۆك مام جەلال، دامەزرێنەر و سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رابەر و پێشمەرگەی دیموكراتخواز بووە، یەكەم سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی جێی متمانەی گەل و سەمام ئەمانی عیراقی فرە نەتەوە و فرە مەزهەب و فرە كێشە بووە، لەئەزموونی سەرۆكایەتی خۆیدا نموونەی جاویدان و مەزنی لەسەر لێوەشاوەیی تێكۆشەری یەكێتیی و لەخۆبووردویی حزبی شەهیدان پێشكەشی كوردستان و گەلانی عیراقیش كرد، كە بۆ هەتا هەتایە شانازییە بۆ میللەتەكەمان لە ئاستی دونیادا.
هەڤاڵان و كۆمەڵانی خەڵكی جوامێر و بەوەفای كوردەواری كە هێزی لە بن نەهاتووی یەكێتی و كوردایەتیین، لەم رێڕەوە پەنجا ساڵییەدا یەكێتی هەمیشە ئاوێتەی رەنج و قوربانی، ئازار و هیواكانی جەماوەر بووە و لێی دوور نەكەوتووەتەوە و لێی جیانەبووەتەوە، هەر لەبەر ئەوەش یاد و یادگارەكانی، شەهید و قوربانییەكانی دەیان ساڵەی بۆنە و سەروەری نەتەوەیی و نیشتمانین و كۆمەڵانی خەڵكی خۆیان لەگەڵ یەكێتی خاوەندارێتی لێ دەكەن و پێی شاد و سەربەرزن .
جا ئەمرۆش كە لەهەلومەرجێكی نوێدا یادی یۆبێلی زێڕین دەكەینەوە، كوردستان و یەكێتییەكەی، عیراق و ئەزموونەكەی ئەرك و فرمانی تازەیان لەسەر شانە و پێویستە لەگەڵ خۆشی و شانازی یادەكەدا هەموومان بۆ ئەركەكانی نوێی خەباتی سیاسیی ئامادەبین، خۆمان مشتوماڵ بكەینەوە و لەسایەی یەكێتییەكی پتەوتر ، یەكریزتر و تۆكمەتردا وەڵامی ئەركەكانی قۆناغ بدەینەوە، هەڤاڵانی دێرین و ئێستامانی بۆ سازبدەین و گەلەكەمانی بۆ جۆشبدەین، كچان و كوڕانی نەوەكانی تازەی كوردەواری بهێنینە پای ئەم خەباتە ستراتیژییە كە هێشتا زۆری ماوە بگاتە دوا مەنزڵی ( ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین).
سڵاو و درود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كاروانی پەنجا ساڵە و تێكرای شەهیدانی كوردستان و عیراق.
سڵاو لە خەباتگێڕانی دێرینی هەموو قۆناغ و سەردەمەكان كە یەكێتییان كردە ئەم تەلارە بەرز و بڵندەی سەرتاسەری كوردستان.
بەڵێنی ئەمڕۆی یەكێتیش بە سەرۆكایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی هەر ئەوەیە كە ئەمانەتی حزبی شەهیدان دەپارێزین و ئاڵا سەوزەكەی بەشەكاوەیی دەهێڵێنەوە، پێكەوە ئەم ئەركە بەدیدێنین و پێكەوەش دەیكەینە خەڵاتی شایستە بۆ كورد و كوردستان.
لەیادی یۆبیلی زێریندا وەك مامی گەورەمان دەیوت ( ئێوەش هەر شاد و سەربەرز و سەركەوتووبن)
مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان