داوا لە پەرلەمان دەكرێت لەئاست دواكەوتنی موچە بێدەنگ نەبێت

کوردستان

25/03/2020     ژمارەی بینراو 442

راچڵەكین

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات چیتر بێدەنگ نەبێت لە دواكەوتنی دابەشكردنی موچەو رەخنەش لەو پەرلەمانتارانە دەگرێت كە پشتگیرییان نەكردووە بۆ داواكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر ئەو پرسە.

عەبدولستار مەجید لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بە هەوڵەكانیان كردووە بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەی پەرلەمان لەسەر هەردوو پرسی دواكەوتنی موچەو دۆخی تەندروستی بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، راشیدەگەیەنێت: ناكرێ حكومەت بە ئارەزووی خۆی یاری بە هەست و گوزەران و ژیانی خەڵك بكات و پەرلەمانیش تەنها تەماشاكەر بێت.

دەقی راگەیاندراوەكە:

دواكەوتنی موچە و هەوڵەكانی ئێمە 

لە ١٧ ی ئازار بە فەرمی داوام لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان (سەرۆك و جێگر) كرد كە لە ئێستادا ئەگەر ناتوانرێ كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت، لانیكەم كۆبونەوەیەكی سەرۆكایەتی و سەرۆكی فراكسیۆنەكان ئەنجامبدرێت سەبارەت بە دوو تەوەری زۆر گرنگ كە هەردوكیان پەیوەندیان بە ژیانی خەڵكەوە هەیە : 

ـ پرسی موچە و دواكەوتنی لە ڕادەبەدەری دواكەوتن و دابەشنەكردنی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە كە باری سەرشان و گوزەرانی خەڵكی ئێجگار سەخت كردووە .

ـ ئەو دۆخە تەندروستییە دژوارەی بەهۆی كۆرۆناوە دروستبووە، تا بزانین پلانی حكومەت و وەزارەتی تەندروستی چیە ؟ 

ڕۆژی دواتر و لە ١٨ ی ئازار نامەم ناردووە بۆ بەڕێزان سەرۆكی فراكسیۆنەكان لەسەر هەمان بابەت و داوام لێكردوون پشتگیریم بكەن بۆ ئەو كۆبوونەوەیە .

دوابەدوای ئەوەش هەمان داواكاریم لە گروپی تایبەت بە ئەندامانی پەرلەمان ئاراستەی ئەندامان كرد، بەڵام بەداخەوە (جگە لە كەمینەیەكی زۆر كەم) پشتیوانی داواكەی ئێمەیان نەكرد و ئەو خەمساری و بێباكییەش دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ ژیان و گوزەرانی خەڵكی گەیاندۆتە چی ڕۆژێكی ڕەش !

پێویستە پەرلەمانی كوردستان چیتر بێدەنگ نەبێت، وەك دامەزراوەیەكی هەڵبژێردراو و نوێنەری خەڵك، قسەی لە هەردوو پرسەكەدا هەبێت . ناكرێ حكومەت بە ئارەزووی خۆی یاری بە هەست و گوزەران و ژیانی خەڵك بكات و پەرلەمانیش تەنها تەماشاكەر بێت !!

عبدولستارمەجید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن