راچڵەكین-
لە نیوەی دووەمی دەیەی چوارەم تا کۆتایی نیوەی یەکەمی دەیەی نۆیەمی سەدەی رابردوو، هەولێر خاوەنی چوار هۆڵی سینەمای گەورە بوو، سەڵاحەددین، حەمرا، سیروان و کریستال کە نوێترین فیلمە بیانی و ناوخۆییەکانی تیادا نمایش دەکرا و خەڵک بەجۆش و خرۆشەوە نۆرەی وەرگرتنی بلیتی فیلمەکانیان دەگرت، بەڵام ئێستا ئەم سینەمایانە یان رووخێنراون یان داخراون و بوونەتە یادگاری و بیرەوەی خەڵکی شارەکە.
فهرههنگ غهفوور، بهڕێوهبهری گشتیی رۆشنبیری و هونهر/ههولێر،لهبارهی پاشهكشهکردنی سینهما، دهڵێت: ''هونەری سینەما هەموو هونەرەکانی دیکە لە باوەش دەگرێت، بەبۆچوونی من هۆکار زۆرن بۆ پاشەکشەکردنی سینەما، وایدەبینم کە هەموو هونەرەکان وەکو دەستەخوشک و بران، مارکێتینگ لە هەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە لە خواستی هونەرمەنددا بێت، رەنگە تا ئاستێک بابەتی موزیک و لایڤ موزیک گەشەی سەندبێت، بەڵام نەمانتوانیووە وابکەین کە هونەرمەند بازاڕێک پەیدا بکات بۆ بژێوی خۆی یان کارێکی دیکەی پێ دروست بکاتەوە، بەداخەوە هەندێکجار دەبینین کە هونەرمەند خانوو یان ئۆتۆمبێلەکەی دەفرۆشێت بۆ ئەوەی کارە هونەرییەکەی پێ تەواو بکات، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەم دۆخە هەر لە هەرێمی کوردستان وایە یان لە دەرەوەش ئەو گرفتە هەیە؟، بێگومان بەڵێ لە دەرەوەش هەیە، رەنگە هەرێمی کوردستان لە زۆر وڵاتان باشتر بێت''.
وتیشی: ''من لە ئەوروپاش سەردانی سینەمام کردووە، تێبینیم کردووە هەر خۆم و خێزانەکەم دانیشتووین و نەمدیووە سینەماکە پڕ بێت لە بینەر، واتا لەوێش ئەو گرفتە هەیە، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی پێشووتر بە تایبەتی لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوو ئەوا، سینەماکانی سەڵاحەددین، سیروان، حەمرا و کریستال جمەیان دەهات، پێڕانەدەگەیشتن چەند شیفتێک خەڵک وەرگرن، وایلێهاتبوو فیلمی هیندی سێ کاتژمێرییان دەکرد بە دوو کاتژمێر، بۆ ئەوەی زیاترخەڵک بچێت و زۆرترین مارکێتینگ دروست بکەن''.
بهڕێوهبهری گشتیی رۆشنبیری و هونهر/ههولێر، تیشكدهخاته سهر هۆكارهكانی پاشهكشهکردنی سینهما و ئاماژه به نهبوونی سیاسهتێكی كولتووری بههێز دهكات و وتی: ''سیاسەتێکی کولتووری بەهێزمان نییە لە هەرێمی کوردستان کە گرنگیی دابێت بە هەموو بوارەکانی گەشەسەندنی هونەر لە رووی پێشکەوتنی ئەمڕۆ لە دونیای دەرەوە و تەکنەلۆجیادا، هەبوونی ئەو هەموو ئینتەرنێت و وێبسایته كه دەتوانی زۆر بە ئاسانی لە مۆبایلکەکەتەوە سەیری فیلمەکان بکەیت، هەرچەندە یەکێک لە هۆکارەکان نەبوونی رۆشنبیری زاتییە، ئهویش ئهوهیه ئێمە تا چەند پارە لە خواردنی خۆمان دەگرینەوە و دەیدەین بە سەیرکردنی فیلمێک، هەمیشە وا دەڵێم بۆیە ئەو کەشوهەوایە هەموو وڵاتانی دیکەیشی گرتووەتەوە".
فەرهەنگ غەفوور دەشڵیت "تەکنەلۆجیا وای لێهاتووە کە سینەما چووەتە ناو مۆڵەکان لە هەندێک لە وڵاتان سینەما وەکو مۆزەخانە ماوەتەوە، لێرە زۆربەی سینەماکان موڵکیەتی خەڵکە، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان قەرەبووی خاوەن موڵکەکان بکاتەوە و یەکێک لە سینەما کۆنەکان بکرێتە مۆزەخانە و چالاکی و جموجۆڵی هونەریشی تیایدا ئەنجام بدرێت".
فەرهەنگ غەفوور لەبارەی رۆڵی هونەرمەندان و دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ گەشەپێدانی بواری هونەر و سینەما وتی: "هەموو دەزگا هونەریی و ئەکادیمییەکان، رۆڵیان هەیە، بەڵام لەئێستادا رەنگە حکوومەتی هەرێم لە قەیرانێکدا بێت کە ئەمە بابەتێکە، بەڵام ناوەندەکانی خوێندن رۆڵیان هەیە لە رۆشنکردنەوە و گەشەپێدانی هونەر و مارکێتینگی هونەر لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەمە زۆر هەڵدەگرێت و پێویستە وانەیەک هەبێت بۆ دروستکردنی ئەم ژینگە هونەرییە لە کوردستان".
هاوكات بهڕێوهبهری سینەمای ههولێر، شاخهوان مستهفا سمایل ئاماژه به قۆناغهكانی سستبوونی سینهما دهكات و وتی: ''لە رابردوودا لە هەولێر، بینەرێکی باش هەبووە بۆ سینەما، بەڵام بە قۆناغ بووە، بۆ نموونە حەفتاکان (١٩٧٠-١٩٧٩) جگە لە هۆڵی سینەما، ئەوا سینەمای هاوینەیش هەبووە و خێزان چوونهته سینهما، بەڵام دەبینین قۆناغەکان لە نەوەدەکان تا دوو هەزار، بە قۆناغێکی رەشی دەبینم کە بووە هۆکاری تۆرانی بینەر لە هۆڵەکانی سینەما، بەداخەوە لەم قۆناغەدا سانسۆرێکی توند نەبوو لەسەر نمایشکردنی فیلمەکان و سینەماش لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکی سەرمایەدار بەڕێوەدەبرا، ئیستیغلالی بارودۆخەکەشیان دەکرد، بۆیە فیلمی رووت و ئەو جۆرە فیلمانەیان نمایش دەکرد کە پێی دەڵێن بۆ سەرووی ١٨ ساڵ و وایان کرد کە خێزان بتۆرێ و تێڕوانینی خەڵک لەسەر هۆڵی سینەما بووە نیشاندانی فیلمی رووت و پۆڕن".
وتیشی: "لە قۆناغی دوای ساڵی دوو هەزار، جارێکی دیکە ئەو متمانەیە گەڕاوەتەوە، بەڵام هێشتا وەهمێک دروست بووە لەلای خەڵک، تا ئەو وەهمە دەڕەوێتەوە پێویستیمان بە کاتە، ئەو رەواندنەوەیە ئەرکی ئێمەیە وەکو حکوومەت، هونەرمەند و فیلمساز، ئەو هەوڵەشمانداوە و فیلمی زۆر باشمان دروستکردووە لەم بوارەدا، لەم بەڕێوەبەرایەتییەی ئێمە نزیکەی ٢٠٠ فیلممان هەیە و هەمووی فیلمی خێزانی، نیشتمانیی و مێژوویین، هەندێکیان فیلمی رووداو و دۆکیۆمێنتارین لەسەر رووداوەکان".
بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر ئاماژە بەوەش دەکات کە کۆمەڵێک سیناریۆیان لەبەردەستە بۆ ئەوەی بکرێتە فیلم، بەڵام گرفتی دارایی بووەتە رێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیان و گوتی: "لەئێستادا کۆمەڵێک سیناریۆمان لەلان کە لەلایەن هونەرمەندی چاک و بەتوانا نووسراوەوەتە بۆ ئەوەی بکرێنە فیلم، بەڵام بەداخەوە دیسان رووبەڕووی گرفتێکی دیکە دەبینەوە ئەویش بابەتە ئابوورییەکەیە کە بووەتە کەلەپچە بە دەستمانەوە و نازانین چۆن بیکەینەوە، چونکە ساڵ بە ساڵ هونەرمەندان لە داهێناندان، بەڵام کە دەبینێت ناتوانێت بیکاتە کردار، ئەوە داخێکی گەورەیە".
شاخهوان مستهفا سمایل تیشکدەخاتە سەر قەیرانی دارایی و ئەوەشدەخاتەڕوو کە جێبەجێکردنی پڕۆژە هونەرییەکان وەکو پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان گرنگە و گوتی: "ساڵی ٢٠١٤ کە قەیرانی دارایی دروستبوو، بووەتە قۆناغێکی ئیفیلجبوون بۆ ئێمە و هونەرمەندان، ناتوانین کارەکان بکەین، ئەگەر بۆ هەر پێداویستییەک داواکاری بۆ وەزارەت بەرزبکەینەوە، ئەوا وەزارەتی رۆشنبیریی داواکەی ئێمە ئاراستەی وەزارەتی دارایی دەکات، بەڵام لەوێ سەیر دەکرێت و پێمان دەڵێن 'پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە پێشترە لە پڕۆژەی هونەریی'، هەرچەندە ئێمە بە پێچەوانەوە دەیبینین و پێمانوایە کە پڕۆژەی هونەریی بەقەد پڕۆژەی خزمەتگوزاریی گرنگە، هەروەکچۆن ئاو و کارەبا گرنگە هونەریش هێندە گرنگە، چونکە هەندێک گرێکوێرە هەیە بە هونەر دەکرێتەوە، سینەما هونەرە گەورەکەیە و هەندێکجار بە شانۆیەک یان پارچە مۆسیقایەک دەتوانی دونیایەک موعاناتی کۆمەڵگا بە دونیا بگەیەنی".
بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر، شاخەوان مستەفا سمایل لەبارەی مێژووی دروستبوونی هۆڵی سینەما لە هەولێر و پڕۆژەی بەڕێوەبەرایەتی سینەما بۆ ئاشتبوونەوەی بینەر بە سینەما گوتی: "یەکەم هۆڵی سینەما، سینەما سەڵاحەددین بوو کە لە ساڵی ١٩٤٧ دروستکرا، دواتر سینەما حەمرا، سیروان و کریستال دروستکران، ئەو چوار سینەمایە سەرمایەدارانی هەولێر دروستیانکردووە و کەرتی تایبەت بووە و بەخواستی خۆیان دایانخستووە و ویستوویانە کارەکەیان بگۆڕن".
وتیشی: "لەم قۆناغەی دواییشدا ئەو بووژانەوە ئابوورییەی رووی لە هەرێمی کوردستان کرد، سیستەمێکی جوان دروست بوو، ئەویش دانانی هۆڵی سینەما بوو لەناو مۆڵەکان و هاووڵاتییان سەردانی دەکەن، هەرچەندە بلیتی چوونە ژووەوە گرانە و لە خواستی هاووڵاتییاندا نییە".
بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر ئاشکرایشی دەکات کە داواکارییەکیان بەرزکردووەتەوە بۆ ئەوەی هۆڵێکی سینەما هەبێت تایبەت بە کەرتی گشتیی و نرخی بلیت پارەیەکی کەم بێت و ئەو فیلمانە نیشان بدرێت کە بۆ خێزان دەشێن و ببێتە مایەی ئاشتبوونەوەی بینەربە سینەما و گوتی: "هەمووکات داوامان کردووە کە هۆڵێکی سینەما هەبێت کە سەربە کەرتی گشتیی بێت و نرخی بلیت پارەیەکی رەمزی بێت بۆ ئاشتبوونەوەی بینەربە هۆڵی سینەما و نیشاندانی فیلمەکان کە رووی مەجلیسیان هەیە، هاوکات کارمەندێکی زۆرمان هەیە دەتوانین بەشێوەیەکی ٢٤ کاتژمێری فیلمەکان نمایش بکرێن، ئەم داوایەم ئاراستەی پارێزگای هەولێر کردووە و پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو داواکەی بە هەند وەرگرتووە و ئێستا لە بەشی پلانی پارێزگا دانراوە و خەریکی دیراسەکردنن، جارێک کۆبوونەوەمان لەمبارەیەوە کردووە و هیوادارین کە داوایەکەمان جێبەجێ بکرێت".
لە شاری هەولێر سینەما سەڵاحەددین یەکەم و کۆنترین سینەما بوو کە لە ساڵی ١٩٤٧دروستکرا و بەم ساڵانەی دواییدا رووخێنرا و لەئێستادا، شوێنەکەی کراوەتە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل، دوای ئەویش سینەما حەمرا ساڵی دواتر دروستکرا کە ئێستا بووەتە کۆگا بۆ عەمبارکردنی خۆراک، دوای ئەویش سینەما سیروان دروستکرا کە بەهۆی ئەوەی بەر ماستەرپلان دەکەوێت، تەواوی دوکانەکانی دەوروبەریشی چۆڵکراوە و هۆڵێکی وێرانەی بێ بنمیچ ماوەتەوە، بەدوای ئەویش سینەما کریستال دێت کە ئەویش ماوەی چەندین ساڵە دەرگاکەی داخراوە.