تەندروستی سلێمانی لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ پێشنیارێك بەحكومەت دەدات

چاوپێکەوتن

26/03/2020     ژمارەی بینراو 2107

د.سەباح هەورامی

راچڵەكین-

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئاشكرای دەكات كە پێشنیاریان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، قەدەغەی هاتوچۆ بەمشێوە چڕەی ئێستا درێژبكاتەوە.

د.سەباح نەسرەدین هەورامی، بەڕێوەبەرى گشتی تەندروستی سلێمانی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا ئاشكرایكرد:" پێشنیارمان بۆ حوكمەت كردووە تا 15/4 كەرەنتین و قەدەغەكردنی هاتوچۆ بەم شێوە چڕەی ئێستا بەردەوام بێت وە ڕێگای هاتوچۆ بگیرێت بەم شێوەیەی ئێستا كەهەیە، لەدوای 15/4 ە وە بەقۆناغ ژیان دەست پێبكرێتەوە، قۆناغ بە قۆناغ ئەو شتانەی كە پێوسیتە لەژێر ڕێنماییە تەندروستیەكانە دەست پێبكەنەوە."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر ئێوە پێشنیارتان بۆ حكومەت كردووە تا 15/4 ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ درێژبكرێتەوە ئەی پێشنیارتان چیە بۆ حكومەت كە دەڵێت بەهۆی قەدەكردنی هاتوچۆەوە موچەی مانگەكانی پێشووی زۆربەی وەزارەتەكانی ڕاگرتووە؟

د.سەباح نەسرەدین هەورامی لەوەڵامدا وتی:" بەدڵنیاییەوە ئەگەر حكومەت داوا لە ئێمە بكات ئێمە ڕێ و شوێنی تەندروستیان دەدەینێ چۆن موچە دابەش بكات وە لەڕووی هونەرییەوە پێم وانیە ئەركێكی قورس بێت ئەگەر مەبەستیان بێت دەتوانن جێ بەجێی بكەن هەم بەڕێگای حسابی بانقی- یان تیمی مۆبایل -یاخود لەڕێگای پۆلێن كردنی فەرمانبەران دەتوانن هەر ڕۆژە و ژمارەیەكی دیاریكراو خەڵك بچن موچە وەربگرن، بۆ نمونە من فەرمانگەیەكم هەیە پێنج سەد موچە خۆری تێدایە ئەگەر بمەوێت موچەیان بدەمێ ڕۆژی موچەی سەد كەس دەدەم وە ئەو سەد كەسەش دابەش دەكەم بەسەر كاتژمێرەكاندا بۆ نمونە دەڵێم ئەوكەسانەی بە پیتی (ئە) دەست پێدەكەن بەیانی كاتژمێر نۆ -یانزە بێن وە دوای ئەوە بەپێی پیت بەسەر كاتژمێرەكاندا دابەشیان دەكەین واتە میكانیزم هەیە بۆ ئەوەی نەهێڵن قەرەباڵغی دروست بێت هەر لەسەر ئەو بنەمایەشە كە ئێمە دەڵێین بەبەرنامە ژیان دەست پێبكرێتەوە بۆ نمونە قەیسەریەك لەبازاڕدا سێ سەد دوكانە حكومەت دەتوانێت ناچارییان بكات هەر ڕۆژەی پەنجا دوكانیان بەنۆرە بكرێتەوە واتە ئەو بازاڕەش ناوەستێت خەڵك ئیش و كارەكانی دەڕوات و قەرەباڵغیش دروست نابێت."

 

د.سەباح نەسرەدین هەورامی، دەڵێت:" ئەو كەسانەی لەسلێمانی هەڵگری ڤایرەسی كۆرۆنا بوون دوو جۆرن ئەوانەی نیشانەكانیان لێی دەركەوتووە، وە ئەوانەشی نیشانەكانیان لێ دەرنەكەوتووە بەگشتی حاڵەتەكان قورس نەبوون تا ئێستا وە چارەسەری قورسیشمان بەكارنەهێناوە ئەوەی بەكارمان هێناوە زیاتر پاراسیتۆڵ بووە بۆ ئەوانەی (تا) یان بەرز بۆتەوە، هێشتا تا ئێستا چارەسەری پلازما-مان بەكارنەهێناوە لەبەرنامەماندا هەیە بۆ داهاتوو بۆ ئەو حاڵەتانەی قورسە بەكارییان بهێنین."

د.سەباح هەورامی ڕونیكردەوە:" لە ئێستادا چارەسەری پلازما-مان بەكارنەهێناوە، ئێمە دەبێت وەك لێكۆڵینەوەیەك كاری لەسەر بكەین چونكە ئەو كەسەی هەم خوێنەكە دەدات وە هەم پلازماكە وەدەگرێت دەبێت ڕەزامەند بێت، نابێت ئێمە خۆمان بیسەپێنین بەسەریدا وە ئەوە پێویستی بەبەرنامە و پلانێكی وردتر هەیە بەڕاستی پزیشكەكان هەڵدەستن بەو كارە كە تایبەتمەندن."

د.سەباح هەورامی ئەوەشی وت:" لە ئێستادا بارودۆخ لەسلێمانی جێگیرە بەڵام ئێمە ترسی داهاتوومان هەیە، پێشتر وتمان نزیكەی یانزە هەزار كەس بەقاچاغی هاتبونەوە و پشكنینیان بۆ نەكراوە وە لە ئێستاشدا پاش بڵاوبونەوەی نەخۆشیەكە لە وڵاتانی ئەوروپا ژمارەیەكی زۆر لەخەڵكی گەڕانەوە بۆ كوردستان بۆیە ئێستا ئەو دوو شوێنە (ئێران و وڵاتانی ئەوروپا) دوو سەرچاوەی بڵاوبونەوەی نەخۆشیەكانن لەكوردستان، دەكرێت كەسێك لە ئێران یا ئەوروپا گەڕابێتەوە هەڵگری نەخۆشیەكە بوبێت و نەهاتبێت بۆ لای ئێمە بۆ پشكنین بەڵام چەند كەسێكی تری تووش كردبێت دوای ماوەیەك ئەو كەسانە بەهۆی سروشتی نەخۆشیەكەوە كە درەنگ نیشانەكانی دەردەكەون پێی بزانرێت بۆیە ئێمە ترسمان لەوەیە."

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەبارەت بەو قسانەی لەسەر سلێمانی دەكرێت هەم لەڕووی مەترسیداری دۆخەكەی هەم لەڕووی دۆزینەوەی چارەسەرەكان لەو شارەوە، دەڵێت:" هەردوو قسەكە ڕاستە، چونكە بەپێی هەموو پێوەرە زانستیەكان سلێمانی ئەو شارەیە كەدەبێت زۆرترین حاڵەتی تێدا ڕوبدات لەتوشبوون بە كۆرۆنا بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی پێشتر ئاماژەم پێكرد كە بەقاچاغی گەڕاونەتەوە بەتایبەتی لە ئێرانەوە، بۆیە ئەوەی كە دەڵێت بارودۆخی سلێمانی خراپە ڕاستە، هەرلەبەر ئەوەیە ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی هەموو هەوڵی خۆمان خستۆتەگەڕ، بەڵام ئەوەش ڕاستە بەهۆی هەوڵ و توانای بەردەوامی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستیەوە ژمارەیەك توشبوو چاكبونەتەوە و تا ئێستا بارودۆخەكە كۆنترۆڵە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ترسمان هەیە."

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی كە هەیە لەبارەی ئەوەی جیاوازی دەكرێت لە نێوان پارێزگاكانی هەرێم بۆ پشكنینی كۆرۆنا؟ د.سەباح وتی:" بەڕاستی پەیوەند و هەماهەنگی باش لەنێوان ئێمە و وەزارەتی تەندروستی لەهەولێر وە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر و دهۆك هەیە، من هیچ جیاوازییەك نابینم وە بەڕاست ئەو كەسانەی ئەو قسانە دەكەن هیچ پەیوەندییان بەناوەندەكانی تەندروستیەوە نیە لەهەولێر یا دهۆك یان هەر شوێنێكی دنیا بڵاوبوبێتەوە ئێمە خۆمان بەبەشێك لەپڕۆسەكە دەزانین، بۆیە ئەم شتە شتێكی جیهانیە و هەمووی بەیەك پاكێج سەیر دەكەین وە دڵنیاشم لەهەولێر و دهۆك و ئەنجومەنی وەزیرانیش بەهەمان شێوە دەڕواننە بابەتەكە بۆیە ئەو كەسانەی كە ئەو بابەتانە دەوروژێنن بەڕاستی نە كاتیەتی وە نە ئیشی ئەوانیشە، ئێمە هەركاتێك هەست بەوە بكەین كە هەولێر جیاوازی دەكات لەگەڵ سلێمانی ئێمە خۆمان باسی دەكەین و شەرم ناكەین وە داواش دەكەین ئەو جۆرە جیاوازییە ڕابگرن ."

د.سەباح هەورامی ئەوەشی وت:" سەبارەت بە پێشبینی ئێمە، دەمەوێت بڵێم وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەموو ئەركەكانی خۆمان جێ بەجێكردووە، ئەوەی ماوەتەوە پەیوەستە بەڕێنماییە تەندروستیەكانەوە هاوڵاتیان ئەگەر پابەندبن بەو ڕێنماییانەی كە ئێمە دەیاندەینێ جێ بەجێی بكەن، من دڵنیام بە ئاسانی دەتوانین كۆنترۆڵی نەخۆشیەكە بكەین بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەوان پابەند نەبن بەڕێنماییە تەندروستیەكانەوە ئێمە ناتوانین كۆنترۆڵی حاڵەتەكە بكەین چونكە ئەو حاڵەتە ئەوەندەی پەیوەندی بەهۆشیاری هاوڵاتیان و جێ بەجێكردنی ڕێنماییەكانەوە هەیە ئەوەندە پەیوەندی بە ئێمەوە نەماوە چونكە ئێمە كارەكانی خۆمان جێ بەجێكردووە."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن