عیراق لەبارەی ناردنی هێز بۆسەر سەربازگەیەكی توركیا دێتەدەنگ

عێراق

16/09/2022     ژمارەی بینراو 304

راچڵەكین –

وەزارەتی بەرگری عیراق لەبارەی دەنگۆی ناردنی هێزی سەربازی بۆسەر سەربازگەی زێلكان، كە هێزەكانی توركیای لێیە، روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، ئەو فەرماندەیەی لێدوانیان بەناوییەوە بڵاوكردووەتەوە، پەیوەندی بە هێزی شەڕكەرەوە نییە.

وەزارەتەكە لە روونكردنەوەیەكدا كە ئەمشەو بڵاویكردەوە، ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە باس لەوە دەكرێت فەریق روكن ناسڕ غەننام، بە هێزێكی زۆرەوە بەرەو سەربازگەی زێلكان لە قەزای باشیك بەڕێكەوتووە بۆ دەركردنی هێزەكانی توركیا.

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، فەریق روكن ناسڕ غەننام، سەرۆكی ئەكادیمیای سەربازییە، كە دامەزراوەیەكی مەشق و راهێنانەو پەیوەندی بە شەڕكردنەوە نییە.

روونكردنەوەكەی وەزارەتی بەرگری عیراق، لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێك دێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە گوایە فەریق روكن ناسڕ غەننام، بە هێزێكی گەورەی سەربازییەوە گەیشتووەتە سەربازگەكەی توركیاو مۆڵەتی 24 كاتژمێری پێداون بۆ داگرتنی ئاڵای وڵاتەكەیان لەسەر خاكی عیراق، بەپێچەوانەوە هەڵدەكوێتە سەر سەربازگەكەو بە زەبری هێز ئاڵاكەی توركیا دادەگرێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن