مەلا بەختیار لەبارەی سەردانی ئاراس شێخ جەنگی بۆلای روونکردنەوە دەدات

کوردستان

18/09/2022     ژمارەی بینراو 840

راچڵەکین-

مەلا بەختیار، لەبارەی سەردانی ئاراس شێخ جەنگی بۆلای روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت:" ئاراسی شێخ جەنگی بە نوێنەرایەتی لاهور جەنگی سەردانی نەكردووم"، دەشڵێت:"مەلا بەختیار سكاڵای یاسایی لەسەر تاوانباران تۆمار دەكات، تا ئێستاش بۆیە سكاڵاكەی نەكردووە، چونكە تاوانەكە هێندە شەرمەزارییە نەیویستووە، سەرباری كێشەگەلی یەكێتی، كێشەیەك لەناو خودی یەكێتیدا رویداوە، بباتە بەردەم دادگا".

نوسینگەی راگەیاندنی مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی رەتیدەکاتەوە کە گوایە ئاراسی شێخ جەنگی، بەناوی لاهوری جەنگییەوە سەردانی مەلا بەختیاری کردووە و لاهوریش داوای لێبوردنی كردووە لە مەلا بەختیار.

لە روونکردنەوەی نووسینگەیەکدا هاتووە:"کە مەلا بەختیار، تا ئێستا لە چاوپێكەوتن‌ و لەو راپۆرتەی كە بە بەڵگەوە بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لایەنەكان، سەفارەتەكان‌و دەوڵەتەكانی ناردووە، هیچ كەسێكی لەسەر ژەهرپێدانەكەی وەكو كەس تاوانبار نەكردووە.".

دەشڵێت:"بەداخیشەوە، مەكتەبی سیاسی لە ئاست تاوانێكی قێزەونی ئاوادا، لیژنەی لێكۆڵینەوەیان پێكنەهێنا. تازە پێكیشیی بهێنن بەهای نەما. لە ئان‌ و كاتی خۆیدا،  مەلا بەختیار سكاڵای یاسایی لەسەر تاوانباران تۆمار دەكات. تا ئێستاش بۆیە سكاڵاكەی نەكردووە، چونكە تاوانەكە هێندە شەرمەزاریە.. نەیویستووە، سەرباری كێشەگەلی یەكێتی، كێشەیەك لەناو خودی یەكێتیدا رویداوە، بباتە بەردەم دادگا. 

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، لە کاتی نەخۆشکەوتنی مەلا بەختیار لە ئەڵمانیادا  ئاراس شێخ جەنگی، جوامێریی نواند و سەردانی كرد بە چاوی خۆی بینی چۆن دەردەدار كراوەو بە تاوانێكی بێڕەوشت‌و قێزەونیشی زانی. بۆیە، مەلا بەختیار، ئاراسی شێخ جەنگی نابەستێتەوە بە هیچ كەسێك‌ و هیچ كێشەیەكەوە. كاك ئاراسیش لەم رۆژانەدا بە نوێنەرایەتی كاك لاهور سەردانی مەلا بەختیاری نەكردووە. ئەم هەواڵە سەراپا هەڵبەستراوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن