عیراق بەرھەمھێنانی كارەبا زیاد دەكات

عێراق

18/09/2022     ژمارەی بینراو 115

راچڵەكین –

وەزارەتی كارەبای عیراق رایگەیاند، بەرھەمھێنانی كارەبا بەرزرترین ئاستی تۆماركردووەو گەیشتوووتە 24 ھەزار و 47 مێگاوات.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی كارەبای عیراق، لەدوای كەوتنەكاری چەند وێستگەیەكی كارەبا، لەئێستادا سیستەمی كارەبای وڵات لە مێژوویی دامەزراندنییەوە، بەرزترین ئاستی بەرھەمھێنانی تۆماركردووەو گەیشتووەتە 24 ھەزار و 47 میگاوات و لەئێستادا سەقامگیریی بەرز و بەرچاو ھەیە لە دابینكردنی كارەبادا بۆ ھاووڵاتییان.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە رۆژانی داھاتوودا لە رێگای وێستگەكانی سەڵاحەددین، رومێلە، میسان و بەسڕە بۆ بەرھەمھێنانی كارەبا، ھەزار مێگاواتی دیكە بۆ تۆڕی كارەبای نیشتمانیی زیاد دەكرێت.

لە راگەیەندراوەكەدا جەختكراوەتەوە لەسەر ئەوەی كە وەزارەتی كارەبا بەردەوامە لە جێبەجێكردنی پلان و پڕۆژەكانی تایبەت بە بەرھەمھێنانی كارەبا، لەڕێگای دامەزراندنی وێستگەكانی وزەی خۆر، ھەروەھا بەیەكبەستنەوەی تۆڕەكانی كارەبا كە دەبێتە مایەی سەقامگیرییەكی گەورە بۆ تۆڕی كارەبای نیشتمانیی.

بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لەعیراق، لەكاتێكدایە ئەو وڵاتە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی، بڕێك كارەبا لە ئێران هاوردە دەكات، ئەمە جگە لەو بڕە كارەبای كە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ هەردوو پارێزگای كەركوك و نەینەوا دابیندەكرێت، حكومەتی عیراقیش رایگەیاندووە كە بۆ پڕكردنەوەی تەواوی پێدوایستیی هاووڵاتیان و دامەزراوەكان و كەرتی پیشەسازی، پێویستییان بە 30 ھەزار میگاوات كارەبا ھەیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن