راچڵەكین-
فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی " سەرایا سەلام" كە لەلایەن موقتەدا سەدر-ی رێبەری رەوتی سەدر سەرپەرشتی دەكرێـت، ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ یەكلاكردنەوەی هەر بابەتێك كەپێویستی بەهێز بێت.
تەحسین ئەلحمێداوی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی "سەرایا سەلام"، رایگەیاند:" سرییەكانمان لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ هەر بارێكی كتوپڕ."
ئەلحمێداوی ئاماژەی بەوەشكردووە:" سەرایا سەلام" دامەزراوەیەكی سەربازیی پڕچەكە، ئاستی بەرزی لە رووی بیروباوەڕ و سەربازییەوە هەیە، بە فەرمانی فەرماندە سەدر جووڵە دەكات، گوێڕایەڵێكی بەرچاوڕوونی بێ وێنەیە بۆ فەرمانەكانی فەرماندە."
ئەو فەرماندەییەی سەرایا سەلام ئەوەشی روونكردووەتەوە:" بەشێكی زۆر لە "موجاهیدان" ئامادە و گیان لەسەر دەستن بۆ بەرگری كردن لە نیشتمان و بیروباوەڕ، هەروەها ئامادەن بۆ یەكلاكردنەوەی هەر بابەتێك بەو پەڕی خێرایی و لە خۆ بوردووییەوە.
"سەرایا سەلام"، رێكخراوێكی چەكدارییە، پاشماوەی سوپای مەهدییە، كە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە دوای رووخانی بەعس بۆ بەگژداچوونەوەی سوپای ئەمەریكا درووستیكرد.