هەنگاو: لە خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵات ٧ کوژرا و ٤٥٠ کەسیش بریندار بوون

کوردستان

22/09/2022     ژمارەی بینراو 182

راچڵەکین-

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگا وبڵاویکردووەتەوە، لە چوار رۆژدا حەوت هاووڵاتیی کورد لە ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان کە دواى گیان لەدەستدانى ژینا ئەمینى سەریانهەڵدا کوژراون و و 450 کەسیش بریندار بوون، زیاتر لە 500 کەسیش دەستگیرکراون.  

 رێکخراوەکە بڵاویکردووەتەوە، لە ناڕەزایی دەربڕینەکانی ڕۆژی سێشەممە، لانی کەم سێ هاووڵاتیی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژران و زیاتر لە ١٦١ هاووڵاتیش هەر بە دەستڕێژی ئەم هێزانە بریندار بوون و دەیان کەسیش دەستبەسەر کران.

رێکخراوەکە دەشڵێت:" دوای گیانلەدەستدانی فواد قەدیمی یەکێک لە بریندارەکانی ناڕەزایەتییەکانی دیواندەرە و هەروەها کوژرانی ژنێک بە ناوی مینوو مەجیدی لە خۆپیشاندانەکانی کرماشان ژمارەی کوژراوانی چەند ڕۆژی ڕابردووی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ٧ کەس بەرز بووەتەوە کە ناوەکانیان بریتین لە فواد قەدیمی و موحسین محەممەدی خەڵکی دیواندەرە، زەکەریا خەیاڵ ١٦ ساڵە و خەڵکی پیرانشار، فەرجاد دەروێشی خەڵکی ئورمیە، ڕەزا لوتفی خەڵکی دێولان، مینوو مەجیدی خەڵکی قەسری شیرین و فەرەیدوون مەحموودی خەڵکی سەقز.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێ شەممە، لانی کەم لە ١٤ شاری ئاودانان، ئیلام، کرماشان، سنە، مەریوان، ئورمیە، بانە، نەغەدە، قوروە، ڕەبەت، سەردەشت، پیرانشار، ماکۆ و بازرگان، بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە کوژرانی ژینا ئەمینی، کچی ٢٢ ساڵەی خەڵکی سەقز ڕژانە سەر شەقامەکان و بە دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران، خۆپێشاندانەکان بەرەو توندوتیژی چوون و لانی کەم سێ هاووڵاتیی ناڕازی کوژران و ١٦١ کەسیش بریندار بوون.


ئەو شارانەی کە تێیاندا خۆپیشاندان بەرەو توندوتیژی چوو:


پیرانشار: ١ کوژراو و ٤٨ بریندار
ئورمیە: ١ کوژراو و ٢٠ بریندار
ماکۆ: ٦ بریندار
کرماشان: ١ کوژراو و ٢٦ بریندار
قوروە، ٨ بریندار
مەریوان ٤ بریندار
ئیلام، ١٣ بریندار
نەغەدە: ١٥ بریندار

ئاماری گشتیی چوار ڕۆژی ڕابردوو:


بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا بە گشتی ٧ هاووڵاتیی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە و ٤٥٠ کەسیش بریندار بوون کە زۆربەی ئەو کەسانە لە ترسی دەستبەسەرکرانیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، سەردانی بنکە تەندروستییەکانیان نەکردووە بەڵام فیلم و وێنەی بریندار بوونیان کەوتووتە دەست هەنگاو و ژمارەیەک لەو دیمەنانەش لە لا پەرەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەنگاو بڵاو کراونەتەوە.

ریزبەندی کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان

دیواندەرە: ٢ کوژراو و ٣٣ بریندار
سەقز: ١ کوژراو و ٧٤ بریندار
بانە: ٤٠ بریندار
مەهاباد: ٢٣ بریندار
بۆکان: ١٧ بریندار
سنە: ٦٦ بریندار
مەریوان: ٩ بریندار
دێولان: ١ کوژراو و ١٦ بریندار
بیجاڕ: ٩ بریندار
قوروە: ١٧ بریندار
تیکاب: ٧ بریندار
ماکۆ: ٦ بریندار
ئورمیە: ١ کوژراو - ٢٠ بریندار
پیرانشار: ١ کوژراو - ٤٨ بریندار
کرماشان: ١ کوژراو و ٣٦ بریندار
ئیلام: ١٣ بریندار
نەغەدە: ١٥ بریندار
کۆی گشتی:
٧کوژراو و ٤٥٠ بریندار

دەستبەسەرکرانی زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا


رێکخراوەکە بڵاویشیکردووەتەوە، بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ناو و شوناسی نزیک بە ١٠٠ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە و لە ڕاپۆرتێکی جیاوازدا بڵاوی دەکەینەوە.


هەنگاو شەوی ڕابردوو لە ئەکاونتی تویتەری خۆیدا ڕایگەیاندبوو ١٩٠ کەس لە هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە ڕۆژانی ڕابردوودا گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن