ئاسایشی سلێمانی كەسێك دەستگیردەكات

کوردستان

26/03/2020     ژمارەی بینراو 2973

راچڵەكین

ئاسایشی سلێمانی كەسێك دەستگیر دەكات كە بۆ گاڵتەپێكردن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 122 كردبوو.
 
بە گوێرەی راگەیاندراوێكی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، شەوی 24-3-2020 هاوڵاتییەكی دانیشتووی دووكان، پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 122 تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كردووە و پێی راگەیاندوون كە لە ئێران گەڕاوەتەوە و تووشی كۆرۆنا بووە، دوای بەدەنگەوەچوونی كارمەندانی تەندروستی، پەیوەندی پێوەكراوە و خۆی لێكردوون بە ژن، كارمەندانی تەندروستیش بۆیان دەركەوتووە كە ئەو كەسە فریوی داون و بۆ گاڵتەپێكردن پەیوەندیی پێوەكردوون.
 
ئاسایشی سلێمانی راشیگەیاندووە، دوای ئەوەی لەلایەن هێڵی گەرمی تایبەت بە كۆرۆناوە ئاگاداركراونەتەوە، ئەوانیش بەپێی فەرمانی دادوەر و بەگوێرەی ماددەی 2ی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، كەسەكەیان دەستگیركردووەو دانی بەوەدا ناوە كە ئەو پەیوەندییەی تەنیا بۆ گاڵتەپێكردن كردووە و داوای لێبووردنیشی لە كارمەندانی تەندروستی و هێڵی گەرمیی ژمارە 122 كردووە.
 
هێڵی گەرمی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە هەرێمی كوردستان كەوتە كار، چەند راوێژكارێكی پزیشكی وەڵامی ئەو كەسانە دەدەنەوە كە پەیوەندی بە هێڵەكەوە دەكەن و راوێژیان دەدەنێ لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ئەگەر نیشانەكانی ڤایرۆسەكە لەو كەسەدا هەبێت كە پەیوەندی كردووە تیمەكانی تەندروستی لێ ئاگاداردەكرێتەوە و رێكاری پزیشكی بۆ دەگیرێتەبەر.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن