عەبدولـلەتیف ئەحمەد بۆ پەرلەمانی كوردستان: زۆر عەیبە

کوردستان

23/09/2022     ژمارەی بینراو 264

راچڵەكین-

عەبدولەتیف ئەحمەد، یەكێك لە رێبەرانی رەوتی سەلەفیەت لە هەرێمی كوردستان دەڵێت،
زۆر عەیب و كارەساتە پەرلەمان پڕۆژە نەمێنێت كاری لەسەر بكات، هەمواری پرۆژەیاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزان و ئافرەت نەبێت.

عەبدولەتیف ئەحمەد، كەلەهەمان كاتدا پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی بەهەشت-ە لەسلێمانی لەپەیامێكدا دەڵێت:"زۆر عەیب و كارەساتە پەرلەمان پڕۆژە نەمێنێت كاری لەسەر بكات ئەوە نەبێت، لە شتە خراپەكان شوێن وڵاتانی غەرب بكەوین نەك لە باشەكان".

دەشڵێت: "باشە كە ناشتوانن وەكو ئەوان كێشەی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكانی وەك ڕێگاوبان و كارەباو سوتەمەنی زستان چارەسەر بكەن  ناتوانن كێشەی میللەت چارەسەر بكەن، دێن باری خێزانی و پەروەردەی كۆمەڵایەتی جوان و ڕەسەنی كوردی موسڵمان تێكدەدەن و وەك خێزانە سەرگەردان و لێكهەڵوەشاوەكانی ئەوانی لێدەكەن بۆئەوەی غەرب لێتان ڕازیبێت و ئێوەش بە ئازادیخوازو پێشكەوتو حیساب بكرێن".

هەر لەپەیامەكەیدا بۆ پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەشكردوە، "دڵنیابن زەرەرێكی گەورە دەكەن و بەر نەفرەتی پەروەردگار و میللەتەكەشتان دەكەون".

21ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دوەمی بۆ پێشنیازەیاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزان و ئافرەت لە هەرێمی كوردستان كرد، ئەو پێشنیازە یاسایەش زۆرترین كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەگوێرەی یەكێك لەبڕگەكانی پێشنیازە یاساكەش، زۆرلێكردنی پیاو بۆ سەرجێییكردن لەگەڵ هاوسەرەكەی، بەتوندوتیژی دادەنرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن