رێگە لەهەزاران هاندەری ئەرجەنتینی دەگیرێت رووبكەنە قەتەر

وەرزش

08/11/2022     ژمارەی بینراو 349

راچڵەكین –

دەسەڵاتدارانی ئەرجەنتین رێگە بە نزیكەی شەش هەزار هاندەری وڵاتەكەیان نادەن بچنە قەتەر بۆ بینینی یارییەكانی جامی جیهانیی، وەزیرێكی حكومەتی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت، ئەوانەی گەشتكردنیان لێ قەدەغەكراوە، تۆمەتبارن بە توندوتیژی و تێوەگلان لە كۆمەڵە نایاساییەكان، بەشێكیشیان قەرزاری پارەی خۆراكن.
  
مارسێلۆ دی ئەلیساندرۆ، وەزیری داد و ئاسایشی ئەرجەنتین، بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە، ئەو هاندەرانەی تێوەگلاون لە كۆمەڵە نایاساییەكان و ئەوانی دیكە كە پارەی خۆراك قەرزدارن، بەشێكن لەو لیستە كە نزیكەی شەش هەزار هاندەری ئەرجەنتینی لەخۆدەگرێت و ڕێگەیان پێنادرێت بچنە ناو یاریگاكانی مۆندیالی ٢٠٢٢ ".

ڕادیۆی ناوخۆیی ئەرجەنتین كە لێدوانەكەی ئەو وەزیرەی گواستۆتەوە، ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو هاندەرانە بریتین لە (كۆمەڵەی دەمارگیرەكان) و (بازرگانە نایاساییەكانی سەرشەقام) كە لەناو یاریگاكا پشێوی دەنێنەوەو توندوتیژی بەكاردەهێنن.

وتیشی:" بەم یڕیارە دەمانەوێت ئاشتی بۆناو یاریگاكان بگەڕێنێنەوەو توندوتیژیی تێدا نەهێڵین".

رۆژی 20ی ئەم مانگە، یارییەكانی جامی جیهانیی 2022 لەوڵاتی قەتەر دەستپێدەكات، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین یەكێكە لە هەڵبژاردەكان بەهێزەكان بۆ بەدەستهێنانی نازناوەكەو بەرزكردنەوەی جامەكە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن