كۆمارییەكان ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكایان بردەوە

جیهان

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 143

راچڵەكین –

كۆمارییەكانی ئەمریكا زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەكەیان مسۆگەركرد و كۆنگرێسیان دابەشكرد. ئەوەش وادەكات لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، زەحمەتی بۆ بڕیارەكانی ئیدارەی بایدن دروست ببێت.

میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، دوای ئەوەی كۆمارییەكان توانییان كورسییەكی دیكەی ئەنجومەنی نوێنەران لە دیموكراتەكان ببەنەوە، كۆی ژمارەی كورسییەكانیان بۆ 218 كورسی بەرزكردەوە، بەمەش توانییان ببنە زۆرینەی ئەنجومەنەكە، كە ژمارەی كورسییەكانی 435 كورسییە.

بەم ئەنجامەش كۆنگرێس لەنێوان كۆمارییەكان و دیموكراتەكان دابەشبوو، بەو پێیەی دیموكراتەكان توانیان زۆرینەی ئەنجومەنی پیران مسۆگەر بكەن، كە تائێستا لەكۆی كورسی ئەنجومەنەكە 50 كورسییان بردووەتەوەو كۆمارییەكانیش خاوەنی 49 كورسین، لەئەگەری یەكلایی بوونەوەی كۆتا كورسی ئەنجومەنەكەش بۆ كۆمارییەكان و یەكسانبوونی ژمارەی كورسییەكانی هەردوو حزب، ئەوا دیموكراتەكان دەبنە زۆرینە، بەوپێیەی كامێلا هاریس جێگری جۆ بایدن، سەرۆكی ئەنجومەنەكەیە، لەكاتی دەنگداندا دەنگی ئەو دەبێتە یەكلاكەرەوە.  
 
بردنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن كۆمارییەكانەوە، ئاستەنگ لەبەردەم جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا دروستدەكات لە تێپەڕاندنی پرۆژەیاساكاندا، بەوپێیەی هەر پڕۆژەیاساو بڕیارێك پێویستی بە رەزامەندی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیران هەیە، كە بەیەكەوە كۆنگرێس پێكدەهێنن.

لەیەكەم كاردانەوەشدا دوای لەدەستدانی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن دیموكراتەكانەوە، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، پیرۆزبایی لە كیڤن مەكارتی، سەركردەی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران كردو ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هاوكاریكردن لەگەڵیاندا لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو پرۆژەیاسایانەی كە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی ئەمریكادایە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن