ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفونییەكەی ئەردۆغان و نەتانیاهو ئاشكرابوو

جیهان

17/11/2022     ژمارەی بینراو 66

راچڵەكین –

سەرۆكوەزیرانی راسپێردراوی ئیسرائیل بە تەلەفۆن پەیوەندی بە سەرۆككۆماری توركیاوە دەكات و هەردوولا جەخت لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانیان دەكەنەوە.

میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ بینیامین نەتانیاهو، سەرۆكی پارتی لیكودو راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی ئیسرائیل، ئەنجامدا.

بەپێی ئەو راگەیەندراوەی كە لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی سەرۆكایەتی كۆماری توركیاوە بڵاوكراوەتەوە، نەتانیاهو وێڕای سەرەخۆشیكردن لە ئەردۆغان بەهۆی تەقینەوەكەی ئیستانبوڵ، هاوكات ستایشی رۆڵی توركیای كردووە لە هەوڵەكانی نێوەنگیریكردن لەنێوان رووسیا و ئۆكراینا بۆ كۆتایی هێنانی بە شەڕی نێوانیان.

لە بەرامبەردا، سەرۆككۆماری توركیا هیوای خواست ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل، كە بووە هۆی سەركەوتنی حزبەكەی ناتانیاهو و هاوپەیمانەكانی، ببێتە مایەی خێر بۆ وڵاتەكەو تەواوی ناوچەكە.

ئەردۆغان ئەوەشی بە ناتانیاهو راگەیاند كە لە سایەی ئەو ئیرادە بەهێزەی كە هەردوولا لە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیل نیشانیان داوە، چوونەتە قۆناغێكی نوێوە، وتیشی:"، بەردەوامبوونی پەیوەندییەكان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە هەستیارییەكانی یەكتری و بەرژەوەندیی هاوبەش و بەهێزكردنی، لە بەرژەوەندی هاوبەشدایە".

توركیا كە لەساڵی 1949 وەك یەكەم دەوڵەتی زۆرینە مسوڵمان، بەفەرمی دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا ناوەو پەیوەندی لەهەموو بوارەكاندا لەنێوانیاندا بەردەوامە، ماوەی چەند ساڵێكە ئەو پەیوەندییە بە هەورازو نشێوی سیاسیدا تێدەپەڕێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن