ئێران دەست بە زیادكردنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم دەكات

جیهان

22/11/2022     ژمارەی بینراو 161


راچڵەكین-

- فەرمانگەی وزەی ئەتۆمی ئێران لە وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ، دەستیكرد بە زیادكردنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی 60%

ئێران وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بە بڕیاری دەستەی بەڕێوبەرایەتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم كە بە رابەرایەتی ئەمریكا، بەڕیتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا، دەركراوە، دەستی كرد بە پیتاندنی یۆرانیۆمی وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ بە رێژەی 60%

بەگوێرەی كەناڵی فەرمی حكوومەتی ئێران، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە پاساوی ئەوەی "ئێران وەك پێویست هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسەكە نەكردووە" بڕیارێكی دژی حكوومەتی تاران دەركردووە، لە بەرامبەریشدا تاران دەستی كردووە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەیەكی بەرز.

لەم نێوەندەشدا فەرمانگەی وزەی ئەتۆمی ئێران لە وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ، دەستیكرد بە زیادكردنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی لە سەدا ٦٠.

وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ بڕیارەكەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، حكوومەتی تاران دانانی زنجیرەیەك سەنتەرفیوجیی نوێی ئەتۆمی لە وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ راگەیاند كە توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی لە سەنتریفیوجەكانی ئێستا زیاترە، لەو چوارچێوەیەشدا لە بری سەنتەرفیوجەكانی IR-1 كە بەپێی رێككەوتنەكە رێگە پێدراون لە دامەزراوە ئەتۆمییەكاندا بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم سەنتەرفیوجەكانی R-6 جێگیردەكرێن كە خێراتر یۆرانیۆم دەپیتێنن.

نوێنەرانی هەمیشەیی وڵاتانی (٥+١) لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان كە لە وڵاتانی ئەمریكا، رووسیا، چین، بەڕیتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا، پێكدێن، لە ساڵی ٢٠١٥دا رێككەوتننامەیەكی ئەتۆمیان لەگەڵ ئێران واژوو كرد كە بەگوێرەی رێككەوتننامەكە ئێران مۆڵەتی پێدەدرێت بە رێژەی سەدا ٣،٦٧ یۆرانیۆم بپیتێنێت.

بەڵام ساڵی ٢٠١٨دا ئەمریكا تاكلایەنە لە رێككەوتننامەكەدا كشایەوە، ساڵێك دواتر، ئێران بەرپرسیارییەتییەكانی لە رێككەوتننامەكەدا هەڵپەسارد و لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٠دا لە وێستگەی ناتانز، بە رێژەی لە سەدا ٦٠ دەستیكرد بە پیتاندنی یۆرانیۆم.

ئەم هەنگاوەی ئێران بووە هۆی نیگەرانی وڵاتانی رۆژئاوا، چونكە پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی لە سەدا ٢٠ و زیاتر ئاستێكی بەرزە بەرەو بەدەستهێنانی ئاستی پێویستی پیتاندنی یورانیوم بۆ دروست كردنی بۆمبی ئەتۆمی كە رێژەكەی لە سەدا ٩٠.

دەستەی بەڕێوەبردنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە ١٧ی تشرینی دووەمدا بە دەنگی ٢٦ وڵات لە كۆی ٣٥ وڵات، بڕیاریدا بە تۆمەتی "هەماهەنگی نەكردنی پێویست لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم. ئێران بەزووترین كات روونكردنەوەیەكی تەكنیكی بۆ رای گشتی بڵاوبكاتەوە دەربارەی ئەو سێ شوێنەی كە لە چوارچێوەی رێككەوتننامەی ئەتۆمیدا تۆمار نەكراون و پاشماوەی یۆرانیۆمیان لێدۆزراوەتەوە".

وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە وەڵامی ئەم تۆمەتانەدا، رۆژی ١٩ی تشرینی دووەم راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئەوەی خستەڕوو ئەو بڕیارەی دژی ئێران دەركراوە "بڕیارێكی سیاسییە" و وەڵامی دەدەنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن