ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم چەند بڕیارێكی دەركرد

کوردستان

23/11/2022     ژمارەی بینراو 354

راچڵەكین-

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا دەستەی پێوانەسازیی وكۆنتڕۆڵی جۆریی چالاك بكرێت و هەموو جۆرە پێداویستییەكی بۆ دابین بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات و چاودێرییەكی توندی كۆمپانیاكانی كوالیتی كۆنترۆڵ سەربە كەرتی تایبەت لە خاڵە سنوورییەكان بكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی نۆڤێمبەر( تشرینی دووەم)، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە بڕگەی سەرەكی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ دەربارەی توندوتۆڵكردنی ڕێنمایی و بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە پێوەر و ڕێكارەكانی سەلامەتی و مۆڵەتی پیادەكردنی پیشەكان لەپێناوی پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتییان كرا كە بەداخەوە بەهۆی كارەساتی تەقینی غازەوە لە هەردوو شاری سلێمانی و دهۆك، چەندین كەس بوونە قوربانی.

سەرۆك وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و كەسوكاری قوربانییانی هەردوو ڕووداوەكە كرد و هیوای چاكبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەكان خواست و ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگیی دەزگاپەیوەندیدارەكانی حكومەت كرد لە هەردوو كارەساتەكە و بە تایبەتی ستایشیی قارەمانێتی و گیانفیدایی خوالێخۆشبوو رائید عەلی بەرواری و پۆلیسە هاوكارەكانی كرد، كە لە پێناوی بەهاناوەچوون و پاراستنی هاووڵاتییان، گیانی خۆیان بەختكرد و بەڕێز وپێزانینەوە، ڕۆڵیی جوامێرانەی ئەوانی بەرز نرخاند، هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە دامودەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت، لە زووترین كاتدا لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی ڕوودانی ئەو كارەساتانە بكەن و هەموو ڕێكارێكی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕێگریكردن و دووبارەنەبوونەوەیان و درێخی نەكەن لە بەهاناوەچوون و ڕزگاركردنی گیان وسەلامەتی هاووڵاتییان لە هەموو جۆرە كارەساتێكی سروشتی بەگشتی.

پاشان ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێكی بەرفراوانی لە بارەی ئەنجامی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هەردوو ڕووداوەكەی سلێمانی و دهۆك خستەڕوو كە تێیدا چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی پێویستی لە بارەی چارەسەركردنی كێشەكانی تایبەت بە سیستەمی شۆڤاژ و LPGی و گرتنەبەری ڕێكاری جدیی و پێویست بۆ توندوتۆڵكردنی ڕێنمایی و لێپرسینەوە لە پێوەر و ڕێكارەكانی سەلامەتی و مۆڵەتی پیادەكردنی پیشەكان و دابینكردنی پێداویستی دامەزراوەكانی بەرگری شارستانیی وشارەوانی و تەندروستیی، بەتایبەتی دابینكردنی پێداویستییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هەماهەنگیی قەیرانەكان JCC لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی تێدا بوو تا بەشداری كارا بكەن لە بەهانا وەچوون لە كاتی هەرجۆرە ڕووداوێكی گەورە و كارەساتی سروشتی.

ئەنجومەنی وەزیران بەكۆی دەنگ ڕاسپاردە و پێشنیارەكانی وەزیری ناوخۆی پەسەند كرد و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد بۆ جێبەجێكردنیان.

هەر لە چوارچێوەی ئەم تەوەرە، ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و هەروەك لە كۆنووسی لیژنە وەزارییەكەش جەختی لەسەر كرابوو، ئەنجومەن بڕیاریدا دەستەی پێوانەسازی و كۆنترۆڵی جۆری سەر بە وەزارەتی پلاندان ڕابسپێرێت لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بە گوێرەی پسپۆڕی، لە خاڵە سنوورییەكان، ئەو پشكنینانە بە گوێرەی ستاندارد ئەنجام بدەن و ڕێگری لە هاوردەكردنی كەلوپەل و تانكی غاز بكەن كە بۆ سیستمێكی سەلامەت ناگونجێن. هەروەها دەستەی پێوانەسازیی وكۆنتڕۆڵی جۆریی چالاك بكرێت و هەموو جۆرە پێداویستییەكی بۆ دابین بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات و چاودێرییەكی توندی كۆمپانیاكانی كوالیتی كۆنترۆڵ سەربە كەرتی تایبەت لە خاڵە سنوورییەكان بكات.

سەرەڕای ڕاسپاردنی بەڕێوەبەرایەتییەكانی تایبەت بە ڕاهێنان و مۆڵەتی پیشەیی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە هاوئاهەنگیی لە گەڵ پەیمانگەی بەرگری شارستانی و بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرگری شارستانی لە وەزارەتی ناوخۆ ، بۆ ڕێكخستنی كۆرس و خولی تایبەتمەند بەم بوارە بۆ ڕاهێنانی وەستا كرێكار و ئەو كەسانەی دەیانەوێ لە بواری دامەزراندنی سیستمی شۆڤاژ و LPG كار بكەن. هەر كەسێك بیەوێ لەم بوارەدا كار بكات، دەبێ خول ببینێت و مۆڵەتی پیشەیی بەدەست بهێنێت.

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە دابینكردنی پێداویستییەكانی پشكنین بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تا پشكنینی سامپڵی غازی شل بكەوێتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان و نوێنەرانیان لە لێژنەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان.

لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ دەربارەی پێشێلكاریی بەردەوامی سەروەریی عێراق و ھەرێمی كوردستان كرا كە پێشێلكردنێكی ئاشكرا و زەقی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەكان و پەیوەندی دراوسێیانەیە.

ئەنجومەنی وەزیران ، لە كاتێكدا بە توندترین شێوە، سەركۆنەی هێرش و بۆردومانكردنی سەر هەرێمی كوردستان دەكات و داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەكات كە ڕێز لە سەروەری خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق بگرن و پێویستە حكومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی هەڵوێستی جیددیان هەبێت و سنوورێك بۆ ئەم پێشێلكاری و هێرش و پەلامارانە دابنێن و چیتر ڕێگەنەدەن سەروەری هەرێم و عێراق پێشێل بكرێت، لە هەمانكاتدا ئەنجومەنی وەزیران، هەڵوێستی نەگۆڕی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دووپات كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك، ڕێگەی نەداوە و ڕێگەش نادات، ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لە ڕێگەی هەرێمەوە تێكبدرێت و هەموو ئەم جۆرە بانگەشانەش ڕەت دەكاتەوە كە لەمبارەیەوە دەكرێن، چونكە هیچ بنەمایەكیان نییە و لە ڕاستییەوە دوورن.

بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پێشنیاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ هەمواركردنی پەیڕەوی دایەنگەكان لە هەرێمی كوردستان، تایبەت بە مۆڵەتی دایەنگەكان، كە لە لایەن كوێستان محەمەد كاروكاروباری كۆمەڵایەتی خرایەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەكەی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ هەمواركردنی پەیڕەوی دایەنگەكان پەسەند كرد، بە ئاراستەی ڕێكخستنەوەی مۆڵەتی دایەنگەكان، بەجۆرێك كە دایەنگەكان دەبێت پابەندبن بە یاسا وپەیڕەو وڕێنماییەكان و لێپیچنەوەش هەبێت لە كاتی هەبوونی كەموكورتیی و خراپی ئەو خزمەتگوزارییەی لە دایەنگەكان پێشكەش بەو منداڵانە دەكرێن كە لە دایەنگەكان تۆماركراون و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەوانەی كە ڕێنمایی وڕێساكان جێبەجێ ناكەن و بەدواداچوونی بەردەوامیش لەم بارەیەوە بكرێت و مۆڵەتی كاركردنی سەرپێچیكاران تازە نەكرێتەوە هەتا ڕێنماییەكان وەك خۆی جێبەجێ دەكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن