ئیسپانیا سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر كۆستاریكا تۆماركرد

وەرزش

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 69

راچڵەكین -

هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە یەكەمین یاریدا لە مۆندیالی 2002ی قەتەڕ، سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر هەڵبژاردەی كۆستاریكا تۆماركردو بە حەوت گۆڵی بێ بەرامبەر یارییەكەی بردەوە، بەم ئەنجامەش پەیامێكی بۆ هەڵبژاردە ركابەرەكانی نارد كە پاڵێوراوێكی بەهێزە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەكە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی یارییەكانی جامی جیهانیی لە قەتەر، هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و كۆستاریكا لە كۆمەڵەی پێنجەم، لە یاریگای سەمامە رووبەڕووی یەك بوونەوە.

هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە دەستپێكی یارییەكەدا بە هێرشكردن دەستیپێكردو توانی لە خولەكی 11ی یارییەكەدا لەرێگەی یاریزان دانی ئۆلمۆ گۆڵی یەكەم تۆماربكات، دوای تێپەڕبوونی 10 خولەكی تر، یاریزان ماركۆ ئەسینسیۆ گۆڵی دووەمی ئیسپانیای تۆماركرد.

هەڵبژاردەی ماتادۆر لە هێرشبردن بەردەوام بوو، لەخولەكی 31ی یارییەكەدا یاریزان فیران تۆریس، هێرشبەری یانەی بارسیلۆنا، بە لێدانی سزا، گۆڵی سێیەمی تۆماركردو گێمی یەكەم بەو ئەنجامە كۆتایی هات.

لە گێمی دووەمدا هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە ئاستە بەرزەكەی بەردەوام بوو، فیران تۆریس جارێكی دیكە خۆی گەیاندە گۆڵی هەڵبژاردەی كۆستاریكاو لەخولەكی 54 گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی هەڵبژاردەكەی تۆماركرد، لەخولەكی 75دا یاریزانی لاوی هێڵی ناوەڕاستی ماتادۆر پابلۆ مارتن باییز، توانی گۆڵی پێنجەمی هەڵبژاردەكەی تۆماربكات.
 
لە خولەكی كۆتایی یارییەكەدا، یاریزان كارلۆس سۆلێر گۆڵی شەشەمی تۆماركردو لە خولەكی دووەمی كاتی زیادكراویشدا ئەلڤارۆ مۆراتا، كۆتایی بە كەرنەڤاڵی گۆڵەكان هێناو گۆڵی حەوتەمی هەڵبژاردەكەی تۆماركرد، یارییەكەش بەم ئەنجامە گەورەیە لە بەرژەوەندی ماتادۆری ئیسپانی كۆتایی هات. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن