راچڵەكین-
مامۆستایانی ناڕازی لەبەرامبەر پلەبەرزكردنەوەی مەرجدار لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە خۆپیشاندان و رێپێوان ئەنجامدەدەن و رایدەگەیەنن، لەڕۆژی شەممەی داهاتوەوە بایكۆتی پرۆسەی خوێندن لە پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی دەكەن.
مامۆستایانی ناڕازی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویانكردەوە: "بێدەنگی زیاتر ستەمی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت بۆیە بڕیارمانداوە كاتژمێر 10:00ی سەرلەبەیانی رۆژی شەممە خۆپیشاندان و رێپێوانی فراوان ئەنجامبدەین، هەمان رۆژیش بایكۆتی ناوەندەكانی خوێندن دەكەین و لەبری چون بۆ قوتابخانە رۆژێك تەرخاندەكەین بۆ داوا رەواكانمان".
مامۆستایانی ناڕازی داوا لەسەرجەم چین و توێژەكان بەتایبەت فەرمانبەران دەكەن وەستانی پلە بەرزكردنەوە كاریگەری نەرێنی لەسەر قوتی منداڵەكانیان داناوە، بەشداربن لەهەڵوێست و ناڕەزایەتی رۆژی شەممەدا.