نەتەوە یەكگرتووەكان لە رۆژی جیهانی ئایدزدا داوای "دەستەبەركردنی یەكسانی" دەكات

ڕاپۆرت

01/12/2022     ژمارەی بینراو 206

راچڵەكین-

نەتەوە یەكگرتووەكان، رایدەگەیەنێت، پێویستە چارەسەری "نایەكسانی" بكرێت كە بووەتە كۆسپ لەبەردەم كۆتایی هێنان بە نەخۆشی ئایدز.

ساڵانە 1ی كانوونی یەكەم، وەك "رۆژی جیهانی ئایدز" ناسێنراوە و ئەمساڵیش بە دروشمی "دەستەبەر كردنی یەكسانی" ئەو یادە دەكرێتەوە.

پڕۆگرامی هاوبەشی HIV/AIDSی نەتەوەیەكگرتووەكان (UNAIDS) لە راگەیەندراوێكدا ئەوەی خستووەتەڕوو "نایەكسانی" بووەتە كۆسپ لەبەردەم بەرەوپێشچوونە پێویستەكانی تایبەت بە كۆتایی هێنان بە ئایدز و پێویستە چارەسەر بكرێت.

لە راگەیەندراوەكەدا بە دروشمی "دەستەبەر كردنی یەكسانی" داوای چارەسەر كردنی نایەكسانی كراوە و ئەوەش وەبیرهێنراوەتەوە كە ئامانج وابوو لە ساڵی ٢٠٣٠دا كۆتایی بە ئایدز بهێنرێت و لە ئێستاشدا تەنها هەشت ساڵ ماوە بۆ ئەو بەروارە.

- تا ئێستا لایەنی كەم ٨٤ ملیۆن كەس لە جیهاندا تووشی ئایدز بوون

بەگوێرەی نوێترین زانیارییەكانی UNAIDS لە ساڵی ٢٠٢١دا یەك ملیۆن و نیو كەس تووشی ئایدز بوون و ٦٥٠ هەزار كەسیش بەهۆی نەخۆشییەكەوە گیانیان لەدەستداوە.

لە سەرتاسەری جیهانیشدا تێكڕا ٨٤،٢ ملیۆن كەس تا ئێستا تووشی ئایدز بوون و لەو ژمارەیەش ٤٠،١ ملیۆنیان بەهۆی ئایدزەوە گیانیان لەدەستداوە.

- "نایەكسانی مەترسیدار"

بەبۆنەی "رۆژی جیهانی ئایدز"ەوە UNAIDS بە ناونیشانی "نایەكسانی مەترسیدار" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە.

لە راپۆرتەكەدا هۆشداری لەوە دراوە كە بەهۆی نایەكسانییەوە نەتوانراوە وەك پێویست بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی ئایدز بەڕێوەبچێت و بۆ پەكنەكەوتنی هەوڵەكانی چارەسەر پێویستە لە گەیشتن بە خزمەتگوزارییەكان و زانستدا یەكسانی دەستەبەر بكرێت.

ئاماژە بەوەش دراوە كە لە ساڵی ٢٠٢١دا ٨٠٠ هەزار منداڵی هەڵگری ڤایرۆسی ئایدز، نەیانتوانیوە لە چارەسەری سوودمەندبن و بەشێكی زۆری منداڵە تووشبووەكانیش درەنگ پشكنینیان بۆ ئەنجامدراوە.

لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بە نایەكسانی رەگەزیش كراووە و ئەوە خراوەتەڕوو كە لە ساڵی ٢٠٢١دا لە هەر دوو خولەكێكدا ژن یان كچێكی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ تووشی ئایدز بووە، بەهۆی گیان لەدەستدانی كچان و ژنان بە نەخۆشی ئایدز لە تەمەنی ١٥-٢٩ ساڵیدا، ئەم ڤایرۆسە بە چوارەم هۆكاری مەرگی رەگەزی مێ دادەنرێت لە جیهاندا.

- "ئەگەر یەكسانی دەستەبەر بكەین دەتوانین كۆتایی بە ئایدز بهێنین"

سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، بەبۆنەی "رۆژی جیهانی ئایدز"ەوە رۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم راگەیەندراوێكی بڵاو كردەووە و تیایدا تیشكی خستە سەر نایەكسانییەكان.

گوتێرێس، نووسیویەتی: "جیهان، بەڵێنی ئەوەی دا كە لە ساڵی ٢٠٣٠دا كۆتایی بە ئایدز بهێنێت".

ناوبراو، جەختی لەوەش كردەووە كە پێویسە كۆتایی بە نایەكسانییەكان بهێنرێت كە بوونەتە كۆسپ لەبەردەم بەرەوپێشچوونەكانی تایبەت بە كۆتایی هێنان بە نەخۆشی ئایدز، نووسیوشییەتی: "ئەگەر یەكسانی دەستەبەر بكەین دەتوانین كۆتایی بە ئایدز بهێنین".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن