لە بەغدا بە كەرنەڤاڵی جەماوەری پێشوازی لە هەڵبژاردەی عیراق دەكرێت

عێراق

20/01/2023     ژمارەی بینراو 167

راچڵەكین –

بەبۆنەی سەركەوتنی هەڵبژاردەی عیراق و بەدەستهێنانی جامی كەنداوی 25، ئەمڕۆ هەینی لەشاری بەغدا پێشوازی لە یاریزانی هەڵبژاردەكە دەكرێت و ئاهەنگێكی گەورەی جەماوەرییش لە گۆڕەپانی تەحریر بەڕێوەدەچێت.

نوسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پاش كەمێكی تر یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانیی عیراق، دەگەنە بەغدای پایتەخت و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە كەرنەڤاڵێكی گەورەی جەماوەری پێشوازییان لێدەكرێت و بەرەو گۆڕەپانی تەحریر دەچن.

لە راگەیندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، دوای گەیشتنی یاریزانانی هەڵبژاردەی عیراق بۆ گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا، ئاهەنگێكی گەورەی جەماوەریی بەڕێوەدەچێت.

نوسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆكوەزیرانی عیراق ئاشكراشیكردووە، سبەی شەممە یاریزانانی هەڵبژاردەی عیراق بە فەرمی لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی كابینەكەی پیشوازی دەكرێن و رێزیان لێدەگرێت بەرامبەر ئەو سەركەوتنە مێژوییەی كە لەجامی كەنداوی 25 بەدەستیانهێنا.

دوێنێ پێنجشەممە، لەیاری كۆتایی جامی كەنداوی 25 كە لەشاری بەسڕە بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی عیراق توانی بەئەنجامی 3-2 گۆڵ، سەركەوتن بەسەر هەڵبژاردەی عومان  بەدەستبهێنێت و بۆ چوارەم جار لەمژێووی ئەو پاڵەوانییەتدا جامەكە بەرزبكاتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن