دوو وڵاتی گەورەی جیهان لەسەر دەركردنی دراوێكی هاوبەش رێكدەكەون

ئابوری

22/01/2023     ژمارەی بینراو 1674

راچڵەكین –

هەریەك لە بەرازیل و ئەرجەنتین ئامادەكاری دەكەن بۆ دروستكردنی دراوێكی هاوبەش لەپێناو كەمكردنەوەی پشتبەستن بە دۆلاری ئەمریكی.

رۆژنامەی فایننشاڵ تایمز بڵاویكردەوە، هەردوو حكومەتی بەرازیل و ئەرجەنتین بەنیازن لەچەند رۆژی داهاتوودا دیدارو كۆبوونەوەكانیان لەسەر ئاستی باڵا دەستپێبكەن بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر دروستكردنی دراوێك، كە ببێتە دراوی هاوبەشی هەردوو وڵات.

وەك رۆژنامەكە باسی كردووە، دراوە هاوبەشەكە لەسەر داواو پێشنیاری حكومەتی بەرازیل بووە، دراوە نوێیەكەش ناوی "سوور" دەبێت كە واتای باشوور دەگەیەنێت، ئامانجیش لێی پتەوكردنی بازرگانی هەرێمایەتییە لە كیشوەری ئەمریكای لاتین و هەروەها كەمكردنەوەی پشتبەستن بە دۆلاری ئەمریكی.

سێرخیۆ ماسا، وەزیری ئابووری بەرازیل، بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، بڕیاردراوە لێكۆڵینەوەیەكی فراوان لەبارەی لێكەوتە ئابورییەكانی دروستكردنی دراوە هاوبەشەكە بكرێت، كە هەردوو بانكی ناوەندیی بەرازیل و ئەرجەنتین رۆڵی سەرەكییان تێدا دەبێت.

وتیشی:" لەدوای دەرچوونی دراوە هاوبەشەكەو كۆتایی هاتن بە بەكارهێنانی ریال-ی بەرازیلی و بیزۆ-ی ئەرجەنتینی، لەداهاتوودا پێشنیار بۆ وڵاتانی دیكەی كیشوەری ئەمریكای لاتین دەكەین بۆ بەكارهێنانی دراوە نوێیەكە".

بڕیارە سبەی دووشەممە، لولا داسیلڤا سەرۆكی بەرازیل، بە سەردانێكی فەرمی بگاتە بۆینس ئایرس-ی پایتەختی ئەرجەنتین و لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە، بەفەرمی پرسی دراوە هاوبەشەكە رابگەیەنرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن