وەزارەتی ئەوقاف لەسەر سووتاندنی قورئان دێتەدەنگ

کوردستان

24/01/2023     ژمارەی بینراو 96

راچڵەكین –

وەزارەتی ئەوقافی هەرێم، سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەوڵاتی سوید ئیدانە دەكات و داواش لە حكومەتی ئەو وڵاتە دەكات، ئەو كەسانەی ئەمكارەیان كردووە، بدۆزنەوە و بەپێی یاسا سزایان بدەن.

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمشەو بڵاویكردووەتەوە، ناڕەزایی خۆی بەرامبەر سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید دەربڕیوەو تێیدا هاتووە،" سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن هەندێ كەسی نابەرپرس و دوور لەبەهای ئایینی لەوڵاتی سویدو ھەر جێگەیەكی تر، زۆر بە توندی ئیدانە دەكەین".

وەزارەتی ئەوقاف ئەم كارەی بە ناڕەوا وەسفكردووە، كە "دژی ئازادی و هەموو بنەما ئایینیەكان و پێكەوەژیانە"، راشیگەیاندووە، لێرەوە بەپێویستی دەزانین، وەك ئەركێكی ئایینی و نیشتمانی، داوا لەحكومەتی سوید بكەین، بكەرانی ئەم كارە نالۆژیكیە دوور لە بەھا مرۆڤایەتییە بدۆزنەوە و بەپێی یاسا سزایان بدەن.

رۆژی 20ی ئەم مانگە، راسموس پالودان، سەرۆكی پارتی رێڕەوی راست-ی راستڕەو، لەبەردەم باڵیۆزخانەی توركیا لە ستۆكهۆڵم-ی پایتەختی سوید، قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەمكارەش كاردانەوەی توندی وڵاتانی ئیسلامی لێكەوتەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن