سوودانی بڕیاری نوێ لەبارەی جموجۆڵەكانی داعش دەدات

عێراق

25/01/2023     ژمارەی بینراو 183

راچڵەكین –

محەمەد شیاع سوودانی لەمیانی سەرپەرشتیكردنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانی، بڕیاریدا چاودێریكردنی جموجۆڵەكانی داعش زیاتر بكرێت، داواشی لە هێزە ئەمنییەكان كرد خۆیان بۆ مەترسییەكانی قۆناغی داهاتوو ئامادە بكەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانیی، بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی لیوا یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لە كۆبوونەوەكەدا نوێترین پێشهاتە ئەمنییەكان و ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی هێزەكانی عیراق دەبێتەوە، تاووتوێكرا.

لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سوودانی جەختی لەسەر گرنگی و بایەخی ریشەكێشكردنی پاشماوەكانی داعش كردەوەو بڕیاریدا چاودێریكردنی جموجۆڵەكانی تیرۆریستان چڕبكرێتەوەو رێگەیان پێنەدرێت دزە بكەنە ئەو گوندو شارانەی كە ئاسایشی تێدا بەرقرار بووە.

فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، داواشی لەسەرجەم هێزە ئەمنی و سەربازییەكان كرد خۆیان بۆ مەترسییەكانی قۆناغی داهاتوو ئامادە بكەن و هەوڵەكایان چڕتربكەنەوە لەپێناو سەقامگیریكردنی دۆخی ئەمنیی وڵات بەگشتی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن