حكومەتی هەرێم لەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دێتەدەنگ

کوردستان

25/01/2023     ژمارەی بینراو 329

راچڵەكین –

حكومەتی هەرێمی كوردستان، راگەیەندراوێك لەدژی بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵیی بڵاودەكاتەوەو داوا لە حكومەتی عیراق دەكات بڕیارەكانی ئەو دادگایە جێبەجێ نەكات و پابەند بێت بەو بەڵێنانەی كە بۆ ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان داویەتی.

حكومەتی هەرێم جەختی لەوە كردووەتەوە كە هەرێمی كوردستان، هەرێمێكی فیدرالی دەستوورییە و ئەم بڕیارانە، پێشێلكردنێكی زەق و ئاشكرای دەستووری عێراقە، ئەم دادگایەش بە شێوەیەكی دەستووری پێكنەهاتووە و ڕێك نەخراوە و ناتوانێت وەك دادگایەكی فیدرالی بڕیار بدات.
 
دەقی راگەیەندراوەكە:
 
ڕاگەیاندراوێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لەبارەی بڕیارەكەی دادگای ئیتیحاددی
 
بە داخەوە ئەمڕۆ دادگای ئیتیحاددی، جارێكی دیكەش، دژایەتی خۆی بۆ مافە دەستووری و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە. ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەم دادگایە، جەختكردنەوەیە لە درێژەدان بە سیاسەتی ناڕەوا و دژایەتیكردنی خۆی بەرامبەر هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا كە كەشێكی ئەرێنی و لەیەكنزیكبوونەوە لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ دروست ببوو بۆ ڕێككەوتن و چارەسەركردنی كێشەكان لە سەر بنەمای دەستوور، كەچی بەداخەوە ئەمڕۆ دادگاكە، لە جیاتی پاڵپشتی ئەو كەشە ئەرێنییەی كە دروست بووە، لە بڕیارێكی ناڕەوا و دژ بە خەڵكی كوردستان، ڕێگری لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە كرد كە بڕیار بوو لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت.
 
حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین جار شاندی ناردووەتە بەغدا و لە دوا سەردانیشدا، لە بەغدا گفتوگۆی زۆر بەرهەمدار كرا و هەردوولا نیازپاكی خۆیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە چوارچێوەی دەستوور و ئەو كارنامەیەی كە لایەنەكان لەسەری ڕێككەتوون دووپاتكردەوە.
 
هەرێمی كوردستان، هەرێمێكی فیدرالی دەستوورییە و ئەم بڕیارانە، پێشێلكردنێكی زەق و ئاشكرای دەستووری عێراقە. هەروەها دژی رێككەوتننی لایەنەكانی ئیدارەی دەوڵەتە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ و دژی كارنامەی وەزاری حكومەتی عێراقیشە كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند كراوە و تێیدا لە بڕگەیەكدا بە ڕوونی باس لە خۆدوورگرتن لە هەر ڕێكاڕێك دەكات كە كێشەكان ئاڵۆزتر بكات ( تجنب ایە اجرا‌وات تصعیدیە). بۆیە ئێمە ئەو بڕیارەی دادگای ئیتیحاددی، بە بڕیارێك نەك تەنیا دژی هەرێمی كوردستان، بەڵكو دژی حكومەتی نوێی عێراق و لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت دەزانین و پێویستە هەڵوێستێكی ڕوون و ئاشكرایان بەرامبەر بڕیار و ڕەفتارە ناڕەواكانی دادگای ئیتیحاددی هەبێت. هەروەك لە كارنامەی وەزاری حكومەتی عێراقیشدا هاتووە كە هەموو لایەنە بەشداربووەكان لە سەری ڕێككەوتوون،  پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا، پڕۆژە یاسای دادگای ئیتیحاددی دەربچێت، چونكە لە سایەی ئەم دادگایەی ئێستا، كە بە پێی دەستوور دروست نەكراوە ، هیچ  دەرفەتێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان نییە و نابێت. 
 
هەرێمی كوردستان ڕێز لە دەستوور و یاسا و دادگا شەرعییەكان دەگرێت، بەلام ئەم دادگایە بە شێوەیەكی دەستووری پێكنەهاتووە و ڕێك نەخراوە و ناتوانێت وەك دادگایەكی فیدرالی بڕیار بدات ، بۆیە بڕیارەكانی ڕەت دەكەینەوە و داواش لە حكومەتی فیدراڵ دەكەین، نەچێتە ژێرباری ئەم بڕیارە و پابەند بێت بەو بەڵێنانەی كە بۆ ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان داویەتی. 

حكومەتی هەرێمی كوردستان 
2023/1/25 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن