نیسان زیاتر لە ٥٢٧ هەزار ئۆتۆمبێل لە ترسی گڕگرتن دەکشێنێتەوە

هەمەڕەنگ

28/01/2023     ژمارەی بینراو 468

راچڵەکین -

کۆمپانیای نیسانی ژاپۆنی، بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، بەهۆی بوونی کێشەیەک لە بزوێنەردا کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی گڕگرتن، زیاتر لە ٥٢٧ هەزار ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکان دەکشێنێتەوە.

وەزارەتی گەیاندن و گەشتوگوزاری ژاپۆن، لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو کە کۆمپانیای نیسان، ژماره‌یه‌ك راپۆرتی تایبەت بە هەڵەی پارچەی بزوێنەر پێگەیشتووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتەکە، کۆمپانیای نیسان بەهۆی بوونی کێشە لە پارچەیەکی ناو بزوێنەری کارەبایی ئەو ئۆتۆمبێلانەدا کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی گڕگرتنیان، بڕیاری کشاندنەوەیانی داوە، تا ئێستاش پێنج ئۆتۆمبێلی درووستکراوی نیسان گڕیان گرتووە و شەش ئۆتۆمبێلی دیکەی دروستکراوی هەمان کۆمپانیاش نیمچە سووتاون.

لە راپۆرتەکانی تایبەت بە هەڵە و کەموکوڕیدا ئەوە خراوەتەڕوو کە کێشەکە لە پارچەیەکی تایبەت بە سیستمی "خستنەکار-وەستاندن"ی بزوێنەرەکاندایە و ئەگەری هەیە ئەو کێشەیە ببێتە هۆی گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکە.

کۆمپانیای نیسان دوای گەیشتنی ئەم راپۆرتانە، بڕیاریدا ٥٢٧ هەزار و ٤٩١ ئۆتۆمبێل لە مۆدێلەکانی مینی ڤانی سێرێنا، ئێكستره‌یڵ و مینی ڤانی لاندی لە بازاڕەکان بکشێنێتەوە.

ئەم ئۆتۆمبیلانە لە نێوان ئەیلوولی ٢٠١٠ بۆ حوزەیرانی ٢٠١٧ دروست کراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن