بەهۆی ڤالانتاینەوە نرخی گوڵ لە سلێمانی بەرزدەبێتەوە

هەمەڕەنگ

14/02/2023     ژمارەی بینراو 210

راچڵەكین –

بەهۆی رۆژی ڤالانتاینەوە، خواست لەسەر كڕینی گوڵ لەشاری سلێمانی زۆر زیاد دەكات نرخی یەك گوڵ بۆ پێنج هەزار دینار بەرزدەبێتەوە.

ئەمڕۆ 14-2، كە یادی ڤالانتاینە، هاووڵاتیان بەو بۆنەیەوە گوڵ پێشكەشی ئازیزانیان دەكەن، ئەمەش وایكردووە قەرەباڵغییەكی زۆر لە دوكانەكانی گوڵفرۆشی دروستببێت و نرخەكەشی بەرزببێتەوە.

پەیامنێرمان ئیبراهیم فەتاح لەناو یەكێك لە دوكانەكانی گوڵ فرۆشتنەوە پێی راگەیاندین، بەهۆی بوونی خواستێكی زۆر لەسەری، نرخی گوڵ بەڕادەیەكی زۆر بەرزبووەتەوەو نرخی یەك گوڵ گەیشتووەتە پێنج هەزار، لەكاتێكدایە پێشتر نرخەكەی هەزارو 500 دینار بوو.

ساڵانەو لەرۆژی 14ی شوباتدا، لەشاری سلێمانی هاوشێوەی شارەكانی جیهان، یادی رۆژی ڤالانتاین دەكرێتەوەو چەندین چالاكی جۆراوجۆریش بەو بۆنەیەوە رێكدەخرێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بوومەلەرزە وێرانكارییەكەی باكوورو رۆژئاوای كوردستان و توركیاو سووریا، كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار كەس، بڕیاردرا لەهەرێمی كوردستان هیچ ئاهەنگ و چالاكییەك بەو بۆنەیەوە رێكنەخرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن