راچڵەكین –
هێزەكانی پۆلیسی كەركوك تۆمەتبارێكیان بە 400 هەزار دۆلارەوە دەستگیركرد، كە بەنیاز بوو بەشێوەیەكی نایاسایی رەوانەی دەرەوەی وڵاتی بكات.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای كەركوك لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردوەوە، ئەمڕۆ سێشەمە، هێزەكانیان لە یەكێك لە بازگەكانی دەرەوەی شار، لەكاتی پشكنینی ئۆتۆمبیلی هاووڵاتییەك، دەستیان بەسەر بڕی 400 هەزار دۆلاردا گرت.
لە راگەیەندراوەكەدا بەبێ ئاشكراكردنی ئەو بازگەیەی كە تۆمەتبارەكەی تێدا دەستگیركراوە، ئاماژە بەوەشكراوە كە دوای دەستگیركردنی تۆمەتبارەكە، دانی بەوەدا نا كە بەنیاز بووە دۆلارەكە بەشێوەیەكی نایاسایی رەوانەی دەرەوەی وڵات بكات.
پۆلیسی كەركوك راشیگەیاندووە، لەئێستادا تۆمەتبارەكە رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراوە بەمەبەستی گرتنەبەری رێكاری یاسایی و دادگایی كردنی، هاوكات دەستیش بەسەر 400 هەزار دۆلاركەدا گیراوە.