فەرمانی دەستگیركردن بۆ ڤلادیمێر پوتین دەردەچێت

جیهان

17/03/2023     ژمارەی بینراو 324

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسی

راچڵەكین -

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیركردن بۆ سەرۆكی رووسیا دەردەكات، وتەبێژی سەرۆكایەتی رووسیاش رایدەگەیەنێت، دان بەو دادگایە نانێین و بڕیارەكانیشی هیچ ئەرزشێكی نییە.

میدیاكانی جیهان بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ هەینی، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی كە بارەگاكەی لە لاهایە، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا دەركرد بەهۆی ئەو تاوانانەی كە سوپای وڵاتەكەی لە ئۆكراینا ئەنجامیداوە.

دادگاكە ئاماژەی بەوەكردووە بەڵگەی حاشاهەڵنەگریان بەدەستگەیشتووە كە سوپای رووسیا لەكاتی داگیركردنی چەند شارێكی ئۆكراینا، بەشێوەیەكی نایاسایی و زۆرەملێ ژمارەیەك منداڵی ئۆكراینی بۆ وڵاتەكەی گواستووەتەوە.

لەكاردانەوەی بڕیارەكەش، دیمتری بیسكۆڤ، وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی رووسیا (كرملین) رایگەیاند: مۆسكۆ پێی وایە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، كەوتووەتە ژێر گوشاری ئەمریكاو ئەوروپاو لە بەرژەوەندی ئەوان بڕیار دەردەكات، هەربۆیە ئێمە دان بە بڕیارەكانی ئەو دادگایە نانێین و هیچ ئەرزشێكی نییە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن