یوتیوب دوای دوو ساڵ، هەژمارەکەی دۆناڵد ترەمپ کارا دەکاتەوە

هەمەڕەنگ

18/03/2023     ژمارەی بینراو 172

راچڵەکین -
تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب دووبارە کارا کردنەوەی هەژماری تایبەت بە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپی راگەیاند.

لەوبارەیەشەوە لە هەژماری "یوتوب ئنسایدەر" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند: "لەمڕۆوە هەژمارەکەی دۆناڵد ترەمپ کارا کراوەتەوە و ناوبراو دەتوانێت بابەت و ڤیدیۆی نوێ بڵاوبکاتەوە".

بەم شێوەیەش کۆتایی بە دوو ساڵ لە هەڵپەساردنی کەناڵەکەی ترەمپ هات.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە "ئەم کەناڵە هاوشێوەی هەموو کەناڵەکانی دیکەی یوتیوب بەردەوام دەبێت لە پابەندبوون بە یاساکانمانەوە".

بەمەش دۆناڵد ترەمپ لەمڕۆوە دەتوانێت بەگوێرەی یاساکانی یوتیوب ریکلامەکانی یوتویب بکڕێت و بەکاریان بهێنێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.

دوابەدوای هەڵکوتانە سەر تەلاری کۆنگرێسی ئەمریکا لە شەشی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا، یوتیوب بە پاساوی "هاندانی توندوتیژی" کۆمەڵێک ڤیدیۆی کەناڵەکەی ترەمپی لە یوتیوب سڕییەوە و دواتر کەناڵەکەشی هەڵپەسارد.

پێشتریش تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک، ئینستاگرام و تویتەر، هەژمارەکانی دۆناڵد ترەمپیان کارا کردبووەوە.

وێڕای کارا کردنەووەی هەژمارەکانیشی تا ئێستا ترەمپ هیچ بابەتێکی نوێی لە فەیسبووک، ئینستاگرام و تویتەر بڵاونەکردووەتەوە بەڵام بەشێوەیەکی چالاک ئەو هەژمارەی بەکاردێنێت کە ناوی تروس سۆشیاڵە و لە ساڵی ٢٠٢١دا دایناوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن