چین سزایەكی قورس بەسەر كۆمپانیای دیلۆیت دەسەپێنێت

ئابوری

18/03/2023     ژمارەی بینراو 200

راچڵەكین -

حكومەتی چین بڕیاریدا بەشێوەیەكی كاتی كارەكانی كۆمپانیای دیلۆیت لە وڵاتەكەی رابگرێت و بەبڕی 30 ملیۆن دۆلاریش سزای بدات بەهۆی ئەو كەمتەرخەمییانەی لەكارەكانیاندا روویداوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە لەلایەن وەزارەتی دارایی چین-ەوە بڵاوكراوەتەوە، دوای ئاشكرابوونی ئەو كەمتەرخەمییانەی كە لەبواری وردبینی و كاری ژمێریاریی كۆمپانیای دیلۆیت روویانداوە، بڕیاردرا بەبڕی 30 ملیۆن دۆلار سزا بدرێت و بۆماوەی سێ مانگیش كارەكانی لەناوخۆی چین رادەگیرێت.

بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی چین، دوای تۆمەتباركردنی كۆمپانیای دیلۆیت دێت بە كەمتەرخەمی لە وردبینیكردنی كاروبارە داراییەكانی گروپی كۆمپانیاكانی هوارونگ-ی چینی، لەنێوان ساڵانی 2014 - 2019، كە كۆمپانیاكە لەساڵی 2020 رایگەیاند كە نزیكەی 15 ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە، ئەمەش بەلای حكومەتی چینەوە جێگەی گومان بووە، بەتایبەتیش كە لەساڵی 2021 سەرۆكی گروپی ئەو كۆمپانیایانە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیلی بەسەردا ساغبووەوەو لە پۆستەكەی دەركراو سزای لەسێدارەدانیشی بەسەردا سەپێنرا.

لەكاردانەوەی بڕیارەكەش، كۆمپانیای دیلۆیت، كە ئەركی وردبینیكردنی خەرجی و داهاتی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی پێسپێردراوە، لە راگەیەندراوێكدا سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە كە ئاڕاستەی كراون و بە ناڕەوا وەسفیكرد.

وەزارەتی دارایی چین، جگە لە راگرتنی كارەكانی دیلۆیت و سەپاندنی سزای دارایی بەسەریدا، بڕیاریشیدا سەرجەم سامانە داراییەكانی كۆمپانیاكە لەناوخۆی چین دەستی بەسەردا بگیرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن