عیراق و ئێران یاداشتی ھاریکاریی ئەمنیی ھاوبەشیان واژوو کرد

عێراق

19/03/2023     ژمارەی بینراو 175

راچڵەکین -
بەچاودێری محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق، یاداشتی ھاریکاریی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عیراق و ئێراندا واژوو کرا.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عیراق بڵاویکردەوە ئەمڕۆ یەکشەممە، محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کرد لە عەلی شەمخانی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران.


لە میانی کۆبوونەوەیەکدا باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عیراق و ئێران، ھەروەھا رەوشی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکە کراوە.


سەرۆکوەزیرانی عیراق جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە ‌ھەڵوێستی عیراق نەگۆڕە لەوەی کە لە خاکەکەیەوە،‌ ھێرش نەکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ و رایگەیاند: "رێگا نادەین، ‌عیراق ببێت بە گۆرەپانی گرووپە چەکدارەکان".


هەروەها گفتوگۆکرا لەبارەی رێککەوتنەکەی ئەم دواییەی نێوان ئێران و سعودیە ‌و لەوبارەیەوە محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند:عیراق بە رێککەوتنەکە خۆشحاڵە کە دەبێتە مایەی پتەوترکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکە.

بە پێی راگەیەندراوەکە عەلی شەمخانی جەختی لە خواستی ئێران کردووەتەوە بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تاران و بەغدا.


دواتر بەچاودێری سەرۆکوەزیرانی عیراق، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق، قاسم ئەعرەجی و سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، عەلی شەمخانی یاداشتی ھاریکاریی ئەمنیی ھاوبەشی ‌نێوان ھەردوو وڵاتیان واژوو کرد.


یاداشتەکە ھەماھەنگی لەبواری پاراستنی سنووری ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات و پتەوترکردنی ھاوکاری ھاوبەش لەچەندین بواری ئەمنییدا لەخۆ دەگرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن