کاتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەستنیشان کرا

عێراق

20/03/2023     ژمارەی بینراو 234

راچڵەکین –
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق تەواوکردنی دانیشتنی تایبەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی بۆ شەممەی داهاتوو دواخست و کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەستنیشان کرا.

لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقدا کە درەنگانی شەوی رابردوو دەستیپێکرد و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بەردەوام بوو، دەنگ لەسەر چەند ماددەیەکی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان درا، لە نێویشیاندا کۆتای پێکهاتەکان.

بە پێی هەموارەکە ئەنجوومەنی نوێنەران لە 329 کورسی پێکدێت کە 320یان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت و نۆ کورسیش بۆ پێکهاتەکان تەرخان دەکرێت.

کۆتای پێکهاتەکان بەم شێوەیە دابەش دەکرێت:
 پێنج کورسی بۆ مەسیحییەکان لە پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، کەرکوك، هەولێر و دهۆك.
یەك کورسی بۆ ئێزدییەکان لە پارێزگای نەینەوا.
یەك کورسی بۆ  سابیئەکان لە پارێزگای بەغدا.
یەك کورسی بۆ شەبەک لە پارێزگای نەینەوا.
یەك کورسی بۆ کوردانی فەیلی لە پارێزگای واست.

هاوکات ئەنجوومەنی نوێنەران رۆژی 6ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەستنیشان کرد.

دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ رۆژی شەممەی داهاتوو دواخرا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن