دوو گەنج بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوونە قوربانی

کوردستان

23/03/2023     ژمارەی بینراو 196

راچڵەکین –
بە هۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، گەنجێك لە بانە کوژرا و کۆڵبەرێکیش لە سنووری مەریوان بریندار بوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە،  رۆژی چوارشەممە کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بەناوی حوسێن خەندانی، لە سنووری هەنگەژاڵی بانە کەوتە بەر دەستڕێژی هێزە ئێران و بەسەختی بریندارکرا.

روونیشیکردەوە کە سەر و قاچی کۆڵبەرەکە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئیران بریندار بووە و بەمەبەستی چارەسەریش گواستراوەتەوە بۆنەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە شاری بانە.

رێکخراوەکە راشیگەیاند: هەر هەمان رۆژ هاووڵاتییەکی لاو بە ناوی بێهزاد عەزیزی، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران سەر و دەموچاوی پێکراوە و بەم هۆیەشەوە گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی شایەتحاڵان، ئەو لاوە کوردە پاش ئەوەی لە کاتی گەڕانەوەی لە سنووری "کێلە"ی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران پێکراوە، بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە گواستراوەتەوە و لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەستداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن