شەپۆلێكی نوێی بارانبارین روو لە هەرێمی كوردستان دەكات

کوردستان

23/03/2023     ژمارەی بینراو 862

راچڵەكین -

پێشبینی دەكرێت لەهەفتەی داهاتووەوە، شەپۆلێكی نوێی بارانبارینی بەخوڕ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوەو پلەكانی گەرماش نزیكەی شەش پلە دابەزێت.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی رایگەیاندووە، لەنیوەرۆی رۆژی یەكشەممەوە 26-3-2023، نزمە پاڵەپەستۆیەكی دەریای ناوەڕاست روو لە عیراق و هەرێمی كوردستان دەكات، كە لە باشوری دەریاكەوە بۆسەر ناوەڕاستی عیراق جووڵە دەكات و جیاواز لەحاڵەتەكانی پێشتر، بارانەكە لەناوچە نزمەكاندا زیاترو بەخوڕ دەبێت بەڕاورد بەناوچە شاخاوییەكان.

ئاماژەی بەوەشكردووە كە چەقی ئەم شەپۆلە بارانبارینە دەكەوێتە درەنگانی شەوی یەكشەممە تا ئێوارەی رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، لەو ماوەیەدا لەسەرجەم ناوچەكان كەشوهەوا ناجێگیر و باراناوی دەبێت، كە لەهەندێك كاتدا هەورە تریشقەشی لەگەڵ دەبێت و لەچەند ناوچەیەكیش تەرزە دەبارێت.

ئەو شارەزایەی كەشناسی پێشبینی كردووە، لەگەڵ هاتنی شەپۆلە نوێیەكە، پلەكانی گەرما لەنێوان (4 - 6) پلە نزمببێتەوە، لەو ماوەیەشدا رێژەی بارانی پێشبینیكراو بۆ سەرجەم ناوچەكان لەنێوان (20 - 60) ملم دەبێت، لەئێوارەی رۆژی دووشەممە، كاریگەری شەپۆلی بارانبارینەكە لاواز دەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن