سولی میدیا كارەكانی بەرهەمهێنانی درامایەكی عەرەبی سەركەوتووانە كۆتایی پێ هێنا

کەلتوور

23/03/2023     ژمارەی بینراو 514

دراماكە، ناوی (الخوات)ەو پێكهاتووە لە شەش ئەڵقە و سیناریۆی (عیمادەدین حەكیم) و دەرهێنانی (ئەمجەد زەنگەنە)یە. هەموو دیمەنەكانیشی لەناو عێراقدا وێنەی گیرا و چەندین ئەكتەری بەناوبانگی عەرەبی ڕۆڵیان تێدا بینی و لە مانگی ڕەمەزانیشدا، لە كەناڵی ئەلشەرقییەو پلاتفۆرمی 1001 كە سەر بەهەمان دەزگای میدیاییە، پەخش دەكرێت.

سولی میدیا، ئەم هەنگاوە وەكو ئەزموونێكی نایاب تەماشا دەكات بۆ بەرزكردنەوەو پێشخستنی بەرهەمهێنانی دراما لە وڵاتدا. چونكە كاری پرۆدەكشنی ئەم درامایە، هەر بەو سیستەمە كراوە كە چەندین ساڵە سولی میدیا كاری لەسەر دەكات و كاردانەوەی بێوێنەی هەبووە و جێی ڕەزامەندیی هەموو ئەو كۆمپانیا و لایەنانە بووە كە كاری بۆ كردوون و چاوی لەوەیە ئەم ناوچەیە بكاتە، زۆنی بەرهەمهێنانی پرۆفیشناڵ و ئاستبەرز. چاوەڕوانیش دەكرێت، ئەم پرۆژەیە گوڕێكی تر بە ڕەوتی بەرهەمهێنانی دراما بدات.
  
لەمبارەیەوە هونەر رەسوڵ، بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنان لە سولی میدیا، وتی:" هیوادارین لە ئاستی ئەو چاوەڕوانییەدا بین كە لێمان دەكرێت، ستافێكی گەورەی ناوخۆیی و بیانی كاریان لە بەرهەمهێنانی ئەم درامایەدا كردووە، كە دەتوانم بڵێم پێرفێكتترین ستاف بوون، جگە لەوەی بۆ سەركەوتنی پرۆژەكە، سوودمان لە تواناكانی دەروەی وڵاتیش بینیوە، لەوانە؛ ئێران، توركیا و سوریا و ئیمارات".

وتیشی:" بەرزكردنەوەی كواڵیتیی بەرهەمهێنان لە كوردستان و عێراقدا، بەشێكە لە تێڕوانین و ستراتیژمان، پێشتریش لە چەندین بواری دیكەی میدیاییدا كارمان كردووە و خاوەنی پرۆفایلێكی ناوازەین".

سولی میدیا، یەكێكە لە كۆمپانیا چالاكەكانی بەرهەمهێنان و بڵاوكردنەوەی میدیایی. لە ساڵی 2012 لە سلێمانی دامەزراوەو  ئێستا لە سەرجەم شارەكانی عێراق، خزمەتگوزارییە میدیاییەكان بە ئاستێكی نموونەیی پێشكەش دەكات و ناوێكی ناسراوی بوارەكەی خۆیەتی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن