ڕاچڵەکین سپۆرت -
یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی یاریزانێکی گرنگی بۆ کلاسیکۆ بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید کەوا بڕیارە لە 5 ی نیسانی داهاتوو لە یاریی گەڕانەوەی جامی شای ئیسپانیا بەرێوەبچێت لەدەستدا.
شەوی رابردوو دانیمارك لە یاریگای خۆیدا میوانداری فینلەندای كرد و یاریەكەشی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك لێ بردەوە، لە میانی پاڵاوتنەكانی گەشتن بە یۆرۆی 2024.
لە خولەكی 18ی یارییەكەدا ئەندریاس كریستێنسن بەرگریكاری هەڵبژاردەی دانیمارك و یانەی بارسێلۆنا تووشی پێكان هات و بەوهۆیەوە یاریگای جێهێشت.
ڕۆژنامەی "سپۆرت"ی ئیسپانی لەسەر پێکانەکەی کریستێنسن ئاشکرایکرد کە یاریزانەکە لە قاچی چەپیدا توشی پێکانی ماسولکەیی بووە.
ئەو ڕۆژنامەیە دوپاتیشی کردەوە کەوا کریستێنسن بەهۆی ئەو پێکانەوە ماوەی 3 بۆ 4 هەفتە لە یاریگاکان دادەبرێت و لە یاریی کلاسیکۆی بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید ئامادە نابێت.
یاریی چوونی قۆناغی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا لە نێو یاریگای سانتیاگۆ بیرنابیۆ بەرشەلۆنە بە گۆڵێکی بێ وەڵام سەرکەوتنی بەدەستهێنا.