راچڵەكین -
پارێزگای هەولێر ئامارێك لەبارەی پلان و ئامادەكارییەكانی تایبەت بە جەژنی نەورۆز بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، لە ماوەی 10 رۆژ تاوەكو نەورۆز، زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگاكەیان كردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە ئەمشەو لەلایەن نووسینگەی پارێزگاری هەولێرەوە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوەكراوە كە بەپێی ئەو بەرنامە و ئامادەكاری و پلانانەی بۆ پێشوازیكردن لە نەورۆزی ئەمساڵ لەلایەن پارێزگای هەولێر ئامادەكرابوو، سەرجەم كار و چالاكییەكانی 10 ڕۆژەی 13 مین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز، بە سەركەوتوویی ئەنجامدرا.
راگەیەندراوەكە باسی لەوەشكردووە كە پلانەكانی تایبەت بە سێ رۆژەی جەژنی نەورۆز، لە پێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان و دابینكردنی هاتووچۆیەكی ئاسودە و سەلامەت لە چوونە سەیران و پابەندبوونی هاوڵاتییان بە پاراستنی ژینگە لە سەیرانگە و شوێنە گشتییەكان، وەكو خۆی بەبێ هیچ گرفتێك جێبەجێ كرا.
بەگوێرەی ئامارەكەی پارێزگای هەولێر، رۆژانی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگاكە، بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:-
یەكەم/ گەشت و گوزار:-
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر، چەندین لیژنەی تایبەت پێكهێنرا بە مەبەستی چاودێریكردن و بەدواداچوون بۆ بنكەو ناوچە گەشتیارییەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بەڕووی گەشتیاران، وەكو پێكهێنانی چەند لیژنەیەك بە مەبەستی پێشوازی كردن لە گەشتیاران لە دەروازەكانی هەولێر، هەروەها چاودێریكردن و دابینكردنی خزمەتگوزاریی لە سەیرانگاكان و شوێنە گەشتیارییەكان و چاودێریكردنی میوانخانەو چێشتخانەكان بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاریی تەواو بە گەشتیاران، ئەمە جگە لە ڕاسپاردنی كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكان بۆ ئاگاداركردنەوەی چێشتخانەكان بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆز كراوەبن. لە ماوەی 10 ڕۆژ تاوەكو نەورۆز، (61 هەزار) گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان كردووە.
دووەم/ هاتووچۆی هەولێر:-
پلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەكانی بەبێ هیچ گرفتێك لە شەقامەكان و سەیرانگاكان جێبەجێكران، بەم شێویەش بەخۆشحاڵییەوە هاووڵاتیان لەكاتی چوون و گەڕانەوەیان، تەنها قەرەباڵغییەكی ئاسایی لەسەر ڕێگایەكان بەهۆی زۆری ژمارەی سەیرانكاران پەیدابوو، سەبارەت بەڕووداوەكان لە 3 ڕۆژی جەژنی نەورۆز هیچ ڕووداوێكی هاتووچۆ ڕوویانەداوە كە زیانی گیانی تێدابێت.
سێیەم/ ئاسایشی هەولێر:-
بەپێی ئەو پلان و ئامادەكاریانەی لەلایەن ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەكو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێك جێبەجێكران و بۆ هەرحاڵەتێكی پێویستیش، سەرجەم هێزەكانی ئاسایش لە ئەرك دابوون.
چوارەم/ پۆلیسی هەولێر:-
سەبارەت بە پلانی ئەمنی و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان و ئامادەباشی هێزەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، بەبێ گیرو گرفت تەواوی بڕگەكانی جێبەجێكران و سەركەوتوو بوو، لە هەرسێ ڕۆژی جەژنی نەورۆز جگە لە حاڵەتێكی ڕفاندن كە هەر زوو لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە تاوانباران دەستگیركران هیچ ڕوداوێكی تر ڕووینەداوە.
پێنجەم/ بەرگری شارستانی:-
تەواوی بنكەكانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز لە ئەرك دابوون، لەو ماویەشدا تەنها (2) حاڵەتی ئاگركەوتنەوە هەبووە، هەردوو حاڵەتەكەش لەلایەن تیمەكانی بەرگری شارستانییەوە كۆنترۆڵكراون و جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتۆتەوە.