تورکیاش راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەتدەکاتەوە

جیهان

25/03/2023     ژمارەی بینراو 234

راچڵەکین –
هاوشێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنقەرەش ئەو زانیارییانەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای رەتدەکاتەوە کە سەبارەت بە خراپی دۆخی مافی مرۆڤ لە تورکیا بڵاویکردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە راپۆرتی مافەکانی مرۆڤی ساڵی ٢٠٢٢ کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. و تێیدا هاتووە: "راپۆرتی مافەکانی مرۆڤی ساڵی ٢٠٢٢ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وەک ساڵانی پێشوو، زانیاری ناڕاست و بانگەشەی بێ بنەما و کۆمێنتی پێشداوەری لەبارەی وڵاتەکەمان لەخۆ گرتووە. ئێمە سەرکۆنەی ئەمانە دەکەین و بە تەواوی رەتیان دەکەینەوە".

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت: "جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە ئەم راپۆرتە کە روونە بە پاڵنەرە سیاسییەکان شێوەی گرتووە و بە تەواوی دوورە لە بابەتیبوون، بە جددی وەرناگیرێت و بانگهێشتی ئەمریکاش دەکەین کە سەرنجی لەسەر تۆماری خۆی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ بێت".

پێشتریش حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نیگەرانییەوە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای سەبارەت بە خراپی دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان رەتکردبووەوە و رایگەیاندبوو: راپۆرتەکە "زۆر ناشەفافانە و دوور لە ڕاستی و ناواقيعیانە هەڵسەنگاندنی دۆخی هەرێمی کوردستان دەکات و دووڕوویی تێدایە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن