ئێران داوا لە فەڕەنسا دەکات هێز بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەکارنەهێنێت

جیهان

25/03/2023     ژمارەی بینراو 186

راچڵەکین –
کۆماری ئیسلامی ئێران کە تۆمەتبارە بە کوشتنی خۆپیشاندەران لەو ناڕەزاییانەی کە بەناوی "شۆڕشی ژینا ئەمینی" سەریانهەڵداوە، داوا لە فەڕەنسا دەکات توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بەکارنەهێنێت.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکیدا کە لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، رەخنەی لە دەستوەردانی پۆلیسی فەڕەنسی گرت لە خۆپیشاندانەکانی دژبە چاکسازی لە یاسای خانەنشینی لەو وڵاتەدا.

عەبدوڵڵاهیان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: ''بەتوندی ئیدانە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانی ئاشتییانەی خەڵک دەکەین لە فەڕەنسا. داوا لە حکومەتی فەڕەنسا دەکەین مافەکانی مرۆڤ لەبەرچاو بگرێت و خۆی بەدوور بگرێت لە بەکارهێنانی هێز بەرامبەر گەلەکەی کە بەردەوامە لە خۆپیشاندانی ئاشتییانە بۆ داواکارییەکانی".

ئەم هەڵوێستەی ئێران لە کاتێکدایە کە حکومەتی تاران تۆمەتابرە بە کوشتنی سەدان بەشداربووی ئەو خۆپیشاندانانەی کە بە ناوی "شۆڕشی ژینا" لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەریانهەڵدا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن