قەیرانێكی نوێ هەڕەشە لەعیراق دەكات

ڕاپۆرت

31/03/2023     ژمارەی بینراو 346

راچڵەكین-

رۆژی 26ی ئەم مانگە لە میانی دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقدا، دەنگ لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان درا و پەسەند كرا.

یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، بە ئامانجی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێكی ئازاد، پاك و بێگەرد و دادپەروەرانە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە لە ھەرێمێكدا رێكنەخراون، پەسەند كرا.

بەپێی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، یاساكانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاكان كراون بە یەك یاسا، ھەروەھا ژماردنی دەنگەكان بەدەستی و ئەلیكترۆنی دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەنجامەكەی جیاواز بوو، ئەوا ژماردنی دەنگەكان بەدەستی یەكلایی دەكرێتەوە و رێگا بە ھیچ ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارت و فراكسیۆنەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران نادرێت بچنە ناو ھاوپەیمانێتیی دیكە تا ئەو كاتەی حكوومەت پێكدەھێندرێت.

یاساكە لە ١٥ ماددە پێكھاتووە و یەكێك لە ماددەكانی ناو یاساكە، تایبەتە بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كە تیایدا پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران دەكرێت و پشت بە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەبەسترێت، ھەروەھا ژمارەیەك گۆڕانكارییەكی دیكەیش لە كەركووك ئەنجام دەدرێت.

لەچوارچێوەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، سیستەمی ھەڵبژاردن لە (فرەبازنەیی)یەوە گەڕێندراوتەوە بۆ سیستەمی (سانت لێگۆ)، ھەروەھا ژمارەی بازنەكانی ھەڵبژاردن لە عێراق لە ٨٣ بازنەوە كراوە بە ١٨ بازنە، واتا ھەر پارێزگایەك یەك بازنەی ھەڵبژاردن دەبێت.

- دابەشكردنی كورسییەكان ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان

لەچوارچێوەی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، ژمارەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەك خۆیان دەمێننەوە كە ٣٢٩ كورسین، بەڵام ژمارەی كورسی كۆتای پێكھاتەكان لە نۆ كورسییەوە زیاد كراون بۆ ١٢ كورسی .

ژمارەی كورسییەكان بەپێی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەپشت بەستن بە دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ بەم شێوەیە دابەش كراون "١٦ كورسی بۆ پارێزگای ئەنبار كە ١٢یان بۆ پیاو و چواریان بۆ ئافرەت تەرخان كراوە، ٢٣ كورسی بۆ پارێزگای بەسرە ١٦یان بۆ پیاو و شەشیان بۆ ئافرەتە لەگەڵ یەك كورسی كۆتا بۆ مەسیحییەكان، ١٤ كورسی بۆ پارێزگای قادسییە كە ١٠یان بۆ پیاو و چواریان بۆ ئافرەتە، ١٢ كورسی بۆ پارێزگای موسەننا كە نۆیان بۆ پیاو و سێیان بۆ ئافرەتە، ١٥ كورسی بۆ پارێزگای نەجەف كە ١١ بۆ پیاو و چواریان بۆ ئافرەتە، ١٨ كورسی بۆ پارێزگای بابل كە ١٣یان بۆ پیاو و پێنجیان بۆ ئافرەتە، ٥٢ كورسی بۆ پارێزگای بەغدا كە ٣٧یان بۆ بۆ پیاو و ١٢یان بۆ ئافرەتە لەگەڵ سێ كورسی بۆ پێكھاتەكانی مەسیحی، سابیئەی مەندائی و كوردی فەیلی، ١٥ كورسی بۆ پارێزگای دیالە كە ١١یان بۆ پیاو و چواریان بۆ ئافرەتە، ١٨ كورسی بۆ پارێزگای زیقار كە ١٣یان بۆ پیاو و پێنجیان بۆ ئافرەتە، ١٥ كورسی بۆ پارێزگای سەڵاحەددین كە ١١یان بۆ پیاو و چواریان بۆ ئافرەتە، ١٣ كورسی بۆ پارێزگای كەربەلا كە ١٠یان بۆ پیاو و سێیان بۆ ئافرەتە، ١٨ كورسی بۆ پارێزگای كەركووك كە ١١یان بۆ پیاو و چواریان بۆ ئافرەتە لەگەڵ سێ كورسی كۆتا بۆ مەسیحییەكان، ١٣ كورسی بۆ پارێزگای میسان كە ١٠یان بۆ پیاو و سێیان بۆ ئافرەتە لەگەڵ یەك كورسی كۆتا بۆ پێكھاتەی سابیئەی مەندائی ، ٢٩ كورسی بۆ پارێزگای نەینەوا كە ١٩یان بۆ پیاو و حەوتیان بۆ ئافرەتە لەگەڵ سێ كورسی كۆتا بۆ پێكھاتەكانی مەسیحی، ئێزدی و شەبەك، ١٥ كورسی بۆ پارێزگای واست كە ١٠یان بۆ پێاو و چواریان بۆ ئافرەتە لەگەڵ یەك كورسی كۆتا بۆ كوردی فەیلی".

- سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ كراوەتە بنەما بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك

ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، یەكێك بوو لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان لایەنەكان، چونكە ھەر پێكھاتەیەك دەیویست داواكاری خۆی بەسەر ئەوەی دیكەدا بسەپێنت، بەڵام دواجار پارتی دیموكراتی كوردستان، توركمان و عەرەب لەسەر تێپەڕاندنی ئەو ماددەی ناو یاساكە كە تایبەتە بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە كەركووك، رێككەوتوون.

ئەوەش لەكاتێكدایە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە بیانووی جیاجیا، ئەنجام نەدراوە.

لەچوارچێوەی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەكاندا لە پارێزگای كەركووك پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران دەكرێت و پشت بە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەبەسترێت و ژمارەیەك گۆڕانكاری دیكەیش لە كەركووك دەكرێت، هەروها ھەر لایەنێك ئەگەر زۆرینەی دەنگەكانیش بەدەستبھێنێت، ناتوانێت ئیدارەی پارێزگا وەربگرێت ئەگەر سەرجەم پێكھاتەكانی لەوبارەیەوە رێكنەكەون.

هەروەها بەپێی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەكان، سیستەمی ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو، بە سانت لیگۆ بە (١،٧) ئەنجام دەدەرێن و ھەر پارێزگایەك كراوە بە یەك بازنەی ھەڵبژاردن و ھەردوو ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكان كراون بە یەك یاسا.

- ھەڵوێستی پارتی و یەكێتیی لەبارەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك

پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە دەستكەوت لەقەڵەم دەدات و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بە مەترسی دەزانێت.

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاندووە:"بۆ یەكەمجار لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ كراوەتە بنەما بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك."

شاخەوان عەبدوڵا كە سەربە فراكیسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەشداوە "سەرگەڕان كە دوای ٥٧ لكێنراوە بەكەركووكەوە، دیسان دەبێتە بەشێك لە شارەكە و مافی دەنگدانی دەبێت، جگە لەوەیش ئەوەی ماددەی ١٤٠ی كردووە یان تەنھا مامەڵەی پێشكەش كردووە و مافی دەنگ دانی ھەیە، ھەروەھا ئەوەی پێش ساڵی ٢٠٠٣ لە كەركووك بووە نفوسی شارەكانی دەرەوەی كەركووك بووە و ٥٧ی كەركووكە و تەرحیل نەبووە، بەڵام بتاقەی كەركووكی ھەیە، دیسان مافی دەنگدانی ھەیە، سەرجەم ئەو ھاووڵاتییانەی ھێنراونەتە كەركووك و بەئامانجی سیاسەتی تەعریب ناویان رەش كراوەتەوە لادەبرین و مافی دەنگدانیان نییە".

راشیگەیاندووە بۆ یەكەمجارە لە پرسی دابەشكردنی پۆستەكان، رێژەی ٣٢ لەسەدا ھەڵگیراوە و ئاماژەی بەوەداوە "بەپێی یاساكە، ئەو دەسەڵاتەمان لە سەرۆكوەزیران وەرگرتەوە كە بتوانیت ھەڵبژاردن لە پارێزگایەك دوا بخات كە خەڵكانیك ئامانجیان بوو".

سەرۆكی فراكسیۆنی توركمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەرشەد ساڵحی رایگەیاند، ھەمواركردنەوەی ئەو ماددەیەی كە لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا، تایبەتە بەكەركووك بە لێكتێگەیشتن بووە.

ھەروەھا فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی دەنگدان بە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان رایگەیاند كە تەواوی ھەوڵەكانیان لە پێناو دەستەبەركردنی مافی دەنگدەرانیان لە ھەرێمی كوردستان و عێراق خستووەتەگەڕ و ئاماژەی بەوەیشدا "ھەموو ئەو ئاستانگەی كە لەبەردەم ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ھەبوون، ھەڵگیران".

لەبەرامبەردا فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەمواركردنەوەی ئەو ماددەیەی كە لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا، تایبەتە بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە مەترسی لەقەڵەمداوە و رایگەیاندووە "راستە لە یاساكەدا، سەرژمێری ساڵی ۱۹٥۷ كراوەتە یەكێك لە بنەماكانی دەنگدەر لە كەركووك، بەڵام ئەوەی مەترسی لەسەر ئەم بنەمایەیە لە ‌ماددەیەكی پێشووتری یاساكەدا ھاتووە كە ھەر پارێزگایەك بەسنووری ئیداریی ئێستای بازنەیەكی ھەڵبژاردنە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە راستە سەرژمێری ٥۷ بنەمایە، بەڵام بە ‌سنووری ئیداری ئێستای كەركوك و بەمەیش دەنگدەرانی رەسەنی كەركووك لە چەمچەماڵ، كەلار، كفری و خورماتوو كە لە ‌ساڵی ١٩٥٧ سەربە كەركووك بوون، دەكەونە بەردەم مەترسیی سڕینەوە".

لای خۆیەوە سەرۆكی فراكسیۆنی توركمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەرشەد ساڵحی لە ھەژمارەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاند "ئەو ماددەیەی كە لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا، تایبەتە بە كەركووك پەسەند كرا، بە تەوافوقی نێوان سەركردەكانی توركمان، عەرەب و كورد بوو" و نووسیبووی "ئەمەیش بەڵگەیە بۆ تێگەیشتنی سەرجەم لایەنەكان، ھیچ نەتەوە و پێكھاتەیەك نییە كە ھێز بۆ سەپاندنی ئیرادەی خۆی بەكاربھێنێت".

- ھەڵوێستی رەوتی سەدر لەبارەی پەسەندكردنی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان

تا ئێستا رەوتی سەدر بە ئاشكرا ھەڵوێستی خۆی لەبارەی پەسەندكردنی یاسای نوێی ھەڵبژاردنەكان نیشان نەداوە، بەڵام سەركردەیەكی رەوتی سەدر رایگەیاندووە كە ھیچ سیستەمێكی ھەڵبژاردن چی یەك بازنەیی یان فرەبازنەیی بێت كاریگەری لەسەر رەوتەكەیان نابێت.

ئەو سەركردەیەی رەوتی سەدر كە ناوی خۆی ئاشكرا نەكردووە بە ماڵپەڕی شەفەق نیوزی رایگەیاندووە "رەوتی سەدر لە ھەڵبژاردنەكانی رابردوودا، براوەی یەكەم بووە و زۆرترین ژمارەی كورسییەكانی بەدەستھێناوە لەبەر ئەوەی ئەگەر سیستەمی ھەڵبژاردن بكرێتە یەك بازنەیی یان فرەبازنەیی ھیچ كاریگەری لەسەر رەوتی سەدر نابێت".

گوتیشی: "تا ئێستا بڕیارمان نەداوە بەشداری لە ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و ئەنجوومەنی نوێنەراندا بكەین و تا ئێستا موقتەدا سەدر ھیچ فەرمانی پێ نەكردووین كە ئامادەكاری بكەین بۆ ھەڵبژاردنەكان".

ئەمەیش دوای ئەوە دێت، ژمارەیەك لە لایەنە سیاسییەكان پاڵپشتی خۆیان بۆ ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان رایگەیاندبوو و داوایان كردبوو كە سیستەمی ھەڵبژاردنەكان لە عێراق لە (فرەبازنەیی)یەوە بگەڕێتەوە بۆ سیستەمی (سانت لێگۆ)، بەتایبەتیش لایەنەكانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگیی كە لە دوایین ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەنگی پێویستییان بەدەست نەھێنا و تووشی شكستێكی گەورە بوون.

هاوكات هەندێك لە میدیاكانی عێراق بڵاویان كردووەتەوە كە ژمارەیەك لە لایەنە سوننەكانیش، پاڵپشتیان لە ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كردووە و دەنگیان پێداوە لەنێویاندا، هاوپەیمانی سەروەریی یاسا و هاوپەیمانی عەزم.

- تشرینییەكان لەھەمبەر پەسەندكردنی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ناڕازیین خۆپیشاندانەكانیان لەوبارەیەوە بەردەوامە.

لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەك زۆر لە خۆپیشاندەران "تشرینییەكان" لە ژمارەیەك پارێزگای عێراق گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان لەھەمبەر پەسەندكردنی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەربڕی.

خۆپێشاندانەكان دژبە یاسای نوێی ھەڵبژاردنەكان بوو كە تیایدا سیستەمی (سانت لیگۆ) دیاری كراوە.

ھاوكات ئەندامە سەربەخۆكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایانگەیاندووە "سیستەمی (سانت لیگۆ) كە بۆ ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو، جێبەجێ دەكرێت لە بەرژەوەندیی پارتە دەسەڵاتدارەكانە".

چاوەڕان دەكرێت لە رۆژانی داھاتوودا، خۆپیشاندانی تشرینەكان دژبە یاسای نوێی ھەڵبژاردنەكان فراوانتر بێت كە ئەگەری ھەیە جارێكی دیكە عێراق رووبەڕووی قەیرانی سیاسیی ببێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن