هندستان پێش چین دەکەوێت و دەبێتە جەنجاڵترین وڵاتی جیهان

ڕاپۆرت

19/04/2023     ژمارەی بینراو 285

راچڵەکین –

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان، پێشبینی دەکات تا ناوەڕاستی ئەمساڵ ژمارەی دانیشتوانی هیندستان بە جیاوازی سێ ملیۆن پێش چین بکەوێت و ببێتە جەنجاڵترین وڵاتی جیهان.

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان، بە ناونیشانی ''هەشت ملیار ژیان، ئەگەرە بێ کۆتاکان: بابەتی ماف و هەڵبژاردن''، راپۆرتێکی دەربارەی ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە ٢٠٢٣ بڵاوکردەوە.

لە راپۆرتەکەدا پێشبینی کراوە هیندستان لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا بە جیاوازی نزیکەی سێ ملیۆن کەس پێش چین بکەوێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی بگاتە یەک ملیار و ٤٢٨ ملیۆن کەس.

راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ هەشت وڵاتی جیهان لەوانە؛ کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، میسر، ئەسیوپیا، هیندستان، نێجیریا، پاکستان، فلیپین و تانزانیا تێکڕای نیوەی گەشەی ژمارەی دانیشتوانی جیهان پێکبهێنن.

لە ساڵی ١٩٥٠ەوە تا ئێستا کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی کردووە بە کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی داتاکانی پەیوەست بە ژمارەی دانیشتوان، ئەوە یەکەمجارە ژمارەی دانیشتوانی هیندستان پێش چین دەکەوێت.

ژمارەی دانیشتوانی چین لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ٨٠٠ هەزار کەسی کەمی کرد کە ئەوەیش یەکەمجارە لە ساڵی ١٩٦١ەوە تا ئێستا پاشەکشە بکات.

بەپێی داتاکانی نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی چین لە ٢٠٢١دا، یەک ملیار و ٤١٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بووە لە ساڵی ٢٠٢٢دا، یەک ملیار و ٤١١ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بووە.

لە راپۆرتی ''چاوەڕوانییەکان لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە ٢٠٢٢دا'' کە لە فەرمانگەی ئابووریی و کاروباری کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتوانی چین لە سەرەتای ٢٠٢٣ەوە بچێتە قۆناغی کەمبوونەوەی رەها و ژمارەی دانیشتوانی هیندستانیش بەردەوام بێت لە هەڵکشان و وەک جەنجاڵترین وڵاتی جیهان پێش چین بکەوێت.

هاوکات لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتوانی چین لە ساڵی ٢٠٥٠دا، بگاتە یەک ملیار و ٣١٧ ملیۆن و تا کۆتایی سەدە داکشێت بۆ ٧٦٦ ملیۆن کەس.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن